.
10:09 AM - 20/10/2025
لە شاخ و شاریش هەر هێزی تۆین
د.شیلان فەتحی
لەسەرتای دەستپێکی شۆڕشی نوێ بەرابەرایەتی مام جەلال یەکێتی بۆ قۆناغی گرنگ و چارەنوسازی گەلی کورد سەری هەڵداو لەنێو خۆڵەمێشی کوژاوەی کوانوو وەک مەشخەڵ بۆ رووناکی رێگەی نەجات داگیرساو بەشەوقی جەلال چیاو دۆڵ و دەشت و گوندو شارو ئاوەدانی وڵاتی رووناک کردەوە.
ئەم حزبە تێکۆشەرە لەسەرەتاوە بە هێزی تۆ واتە هێزی گەل و تێکۆشان و خەباتی گەل دەستیپێکرد.
لەو رێگەیەدا رووبارێک خوێنی رشت و قوربانی گەورەیدا.
یەکێتی بەهێزی تۆ نەوەستاو کاروانەکەی بەردەوام بوو، یەکێتی بووە حزبی رزگاربوونی گەل لە ژێر دەستەیی و شکاندنی بتی ترس و تۆقاندن و شکانی تاجی ستەمکاری؛ کەوتنی دەسەڵاتی بەعس و داڕشتنەوەی عێراقی نوێ بەرهەمی رەنج و خەباتی نەبڕاوەی یەکێتییە کە لە دوای رزگاری سەرتاسەری لە ١٩٩١ توانی بەردی بناغەی دیموکراسی نوێ لە کوردستان و عێراق دابنێت .
یەکێتییەکەمان بووە حزبی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی ژیانی کۆمەڵگە.
یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوونە جەوهەری ئەم حزبە تێکۆشەرەی کوردایەتی.
ئێستاش بەهەمان نەفەس دوور لە جیاکاری وەک سەرۆک بافڵ گووتی: یەکێتی لە دهۆک تا بەسرە خۆی بەخاوەن و داکۆکی کاری گەلان لە عێراق دەزانێت و بەرپرسانە رەفتاردەکات .
پانتایی سیاسی و قوڵای ستراتیژی یەکێتی بۆ گشتەو لە پێناو گۆڕانی ژیانی گشتیشە . دەرکەوت رەسەنایەتی براوەیە.. ئەم حزبە رەسەن و خاوەن هێزی تۆی دەنگدەرە کە ئاوێتەی دەنگ و سەدای دیموکراسی بووە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکێتی چارەنوسازەو سەنگ و قورسایی کورد لە عێراق زیاد دەکات .
لە رابردوو زۆر تاقی کرانەوە زۆر بڵق سەرئاو کەوتن؛ بەڵام ئەوەی لەکانی و رووبار دەمێنێتەوە بەردو تاشەبەردی جێگیرو نەگۆڕاوە .
یەکێتی بۆ مافی خەڵک سەرسەخت و جەنگاوەری مانەوەی گەلێکە کە بەدوژمن دەورەدراوە.
خودای گەورە ، حەق ، راستی و یەکێتی بۆ کوردو پێکەوەژیان سەربخات .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە