کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دوو دوو دوو دەنگی خەڵکە لە بەغداد

.

03:52 PM - 14/10/2025

ئەرسەلان مەحمود

لە رۆژانی داهاتووی نزیکدا، کاتێک خەڵکی عیراق بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن، ئێمەی کورد و عیراقییەکان بەگشتی، دەکەوینە بەردەم دوو بژاردەی ستراتیژی وڵامدەرەوەی چوارساڵی داهاتوو، یەکەم هەڵبژاردنی نوێنەرایەتییەکی بوێر و ڕاستەقینە بتوانێ دەنگ و ڕەنگدانەوەی خواستەکانی تۆ بێت لە بەغداد، دووەم بوێرییەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیستی ژمارە دوو دوو دوو و لە ژێر دروشمی ڕوون و ڕەوانی "هێزی تۆین لە بەغداد" بەشدارێکی کارا و کاریگەری ئەم پرۆسە مێژووییەیە و هەردوو بەرپرسیارێتییە گرنگەکەشیی هاوشانی یەکتر لە خۆیدا بەرجەستە کردووە.

 

ئەوەی رۆژانی رابردوو لە سەردانی ستراتیژی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغداد بەدیهات، تەنها زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی سیاسی و دیبلۆماسی ئاسایی و پرۆتۆکۆلی نەبوون، بەڵکوو پتەوتر کردنی پردی پشتیوانی کوردی بوو، لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرۆک مام جەلال بناغەکەی داناوە و ئاڕاستەکەی داڕشتووە، یەکێتی باوەڕی تەواوی بە دەستوور و رێگەی یاسایی و دەستوری و دیموکراتیک هەیە نەک زمانی هەڕەشە و ڕۆمانسییەتی سیاسی درۆزنانەی کوردایەتی و بەکار بردنی میللەتەکەمان لە گەمەی هەرێمایەتی و ناوچەییدا، یەکێتی تاکە هێزی ناوەندگەرا و گفتوگۆکار و پێگەیشتووی سیاسەتی واقیعبینانەیە بتوانێت لەیەککاتدا لەگەڵ هەموو لایەنە عیراقی غەیرە کوردی و عیراقییەکان بەبێ سازش قسە بکات.

 

خەڵکی کوردستان کاتێک لە رۆژی هەڵبژاردندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ژمارە دوو دوو دوو دەنووسن، لە ڕاستیدا بڕیارێکی ستراتیژی دەدەن. دەنگ بە هێزێک دەدەن پێشتر بە کردار و بە ئەنجام سەلماندوویەتی دەتوانێت دەرگە داخراوەکان بە ڕووی میللەتەکەماندا بکاتەوە و بە زمانێکی کاریگەری گوێی لێگیراو و ڕێزلێگیراو قسە بکات. خەڵکی کوردستان دەنگ بە لیستێک دەدەن پێشتر ئەو رێگە قورس و تەنگەبەرە پڕ لە کێشەیەی تاقیکردووەتەوە و دەزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو رەنگ و دەنگە سیاسیەکان بکات و ڕێکبکەوێ و پەیوەندی بەرهەمدار لە بەرژەوەندی ئەواندا دابمەزرێنێت. ئەگەر پرسیاری بنەڕەتیی و ناوەکیی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەبێ کێ دەتوانێت بە باشترین و کاریگەرترین شێوە بەرژەوەندیی هەرێم لە بەغداد بپارێزێ و دەنگی خەڵک لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا بەرز  و باڵاتر بکاتەوە، ئەوا وڵامەکە تەواو ئاشکرایە، یەکێتییە و پێشتر بە کردار و بە بەڵگەوە ئەمەی سەلماندووە.

 

ژمارە دوو دوو دوو تەنها هێمای دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلی لیستێک نییە، بەڵکوو پراگماتیزمی سیاسی و تێگەیشتنێکی قووڵە لەوەی چیتر خەڵک بە قسە و ئومێدی پڕپووچی بێبنەما و بەڵێنی بەتاڵ دڵخۆش نابن، ئەوەی خەڵکی پێویستیان پێیەتی نوێنەرایەتییەکە دەتوانێ لە رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداددا جێبەجێکردنی کۆنکرێت و بەرچاو بهێننەوە نەک تەنها واژۆ و ژاوەژاوی بێ ئەنجام.

 

بۆ ئەوەی بەڵێنانەکانی ئەمجارەی لیستی٢٢٢ بە هێزەوە بکرێنە کردار و خەڵکی کوردستان بەرهەمی ئەم هەڵبژاردنە بیبینن، پێویستمان بە پشتیوانییەکی جەماوەری بەهێزە بۆ نوێنەرایەتییەکی بەهێز و بە ئەزموون تا لە بەغداد بتوانێ ڕێگری لە یاریکردن بە مووچە و قوتی خەڵکەوە بکات. کۆبوونەوە و دیدارە چڕەکانی ئەم دواییەی سەرۆک بافڵ مەنیفێستۆیەکی یاسایی و دەستووری و دیموکراتیکیان پێشکەشکرد - هەموو کێشەیەک دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکار و پرنسیپە دیموکراتییەکاندا چارەسەر بکرێت، پڕۆژەیەک لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و ئەرکی حکومەتی فیدراڵی بەرامبەر بە هەرێم بنیاتنراوە نەک لەسەر بنەمای فەزڵ و منەت و ئیحسان یان لێبووردنی سیاسی. مافی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی مافێکی یاساییی و دەستووری پارێزراوە نەک تکا یان داوایەکی شەرمنانە، دەبێت جێبەجێ بکرێن.

 

ژمارە ٢٢٢ لەسەر کاغەزی دەنگدان تەنها ژمارەیەک نییە ئیداری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕێکخستبێ و تۆماریکردبێت، ٢٢٢ پێش ئەوەی دەنگی سیاسەت و حزبێک بێت، دەنگێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە دەڵێت ئێمە باوەڕمان بە یەکێتییەکە هەموو هێز و توانا و پەیوەندییەکانی خۆی لە پێناو خەڵکی هەرێم و فەزای دیموکراتیکدا بەکاردێنێ بۆ خزمەتکردنی گشتیی و نیشتمانیی. دەنگێکە دەڵێت ئێمە لە سیاسەتدا باوەڕمان بە دەستوور و سەروەری یاسا و دیموکراتییەت هەیە نەک بە هەڕەشە و پەنا بردنە بەر دەوڵەتانی هەرێمایەتی، لیستی دوو دوو دوو کۆکردنەوەی دەنگێکە دەڵێت ئێمە نوێنەرایەتییەکی پرۆفیشناڵمان دەوێت بە ئەزموون و ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییەوە مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکات، ژمارە دوو دوو دوو دەنگی کیان و دەوڵەتێکە خزمەتی ڕاستەقینە و بەرچاو پێشکەش بکات نەک بەڵێنی بەتاڵ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە