کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ناوی كاندیدانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرا كرا

.

02:02 PM - 14/10/2025

ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو ناوانەی ئاشكرا كرد كە دوای هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدن. هاوكات باس لە دابەشبوونێكیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەكرێت.

موختار موسەوی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، هەریەك لەنوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەدنان زوورفی، قاسم ئەعرەجی، حەمید شەترانی، عەبدولحسێن عەبتان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، كاندیدە دیارەكانن لە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.

ئاماژەی بەوەشكرد، كێبڕكێكە زیاتر لەنێوان مالیكی و زوورفیدایە، بەتایبەت كە عەدنان زوورفی پەیوەندی فراوانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەیە، بەڵام چانسی سودانی بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتێكی تر كەمە.

سەرچاوەیەكیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانەوە ئاشكرای كردووە، چوارچێوەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە؛ یەكێكیان پشتیوانی لە نوری مالیكی دەكەن و بەرەكەی تر پشتیوانی محەمەد شیاع سودانین.
بڕیارە، رۆژی 11 ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامبدرێت، دوای ئەو پرۆسەیە پێویستە كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە بەڕێوەبچێت و سەرۆك وەزیرانی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە