کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئێمە ٢٢٢ ین ‎ئێمە مەجبورین و مەمنونین

.

10:26 AM - 08/10/2025

ئێمە ٢٢٢ ین، ‎ئێمە مەجبورین و مەمنونین


ستران عەبدوڵڵا

‎ئێمە حیزبێکی مەجبورین، مەجبوری گەلەکەمان و کۆمەڵەی خۆمانین، لە شین و شایی، لە تەنگانە و تەنکایی و فەرەحنایی تێکەڵی خەڵکی خۆمانین.

 لە خەبات و تێکۆشاندا چاومان لە دەستی بەشداری و پشتیوانی و بەتەنگەوە هاتنی گەلەکەمانین، چاومان لە ڕەزامەندی و قایل بوونی میللەتەکەمانین و دڵمان لایەتی.

 لە خەباتی نهێنی و رێکخراوەییدا پشت و پەنا و راز و نیاز و نهێنی پارێزیمان هەر ئەوان بوون، چاومان لە تۆڕی پشتگیری و داڵدەدان و لە باوەشگرتنی کۆمەڵی کوردەواری بوو، لەوەشدا خراپمان نەکرد و هەڵە نەبووین.

 لە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا چاومان لە تفەنگی قاچاغ و بار بوو و ئابونەی مانگانەی ئەندامەکان و خێزان و کەسوکارمان بوو، چاومان لە هیممەتی هێزەکانی پشتیوانی و جەماوەری شار و لادێی ئازادکراو بوو، ئومێدمان  لەسەر پشتیوانی و هاوکاری توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری بوو، بەپێی تیوری شۆڕشگێڕی (ماسی و ئاوەکە) ماسی مەجبوری ئاوی سازگاری نەتەوەکەمان بووین کە بمانپارێزێ و بمانبوژێنێتەوە و بمانگرێتە  خۆ، تا ئێمەش  بە خەبات و خەندەق و سەنگەری ئاوەدان لەسەریان بێینە جواب و پشتیوانییان  لێ بکەین و گشتمان تەواوکاری یەکتری بین، ئێمە مەجبوری میللەتەکەمانین لە گەورەکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی و گەشەکردنی تا دەڕەقەتی ئەرکی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بین، لەیەک ئاو دەخۆینەوە و لەیەک دەپرسینەوە و لەیەک دەپێچینەوە و هەماهەنگین .


مەجبوری گەلەکەمانین کە هێزی لەبن نەهاتووی ئێمەیە و ئێمەش باسکی پۆڵاینی پارێزگاری ئەوانین.
ئینجا لە زەمەنی نوێشدا ،  لە دیموکراسی و هەڵبژاردنیشدا واین.  چاومان لەسەر دەست و مەچەک و قەڵەم و مەرەکەب و کلیکی دەستی هاوڵاتیانی خۆمانین.  دەنگی ئەوانمان گەرەکە و دەنگی ئەوانمان لە لا زوڵاڵ و خۆشەو پێی نەشئە دەبین، پێی گەورە دەبین و باڵا دەکەین.

‎ بەڵێ دیسانەوە هەڵبژاردنە و ئێمە کە  یەکێتی نیشتیمانی کوردستانین ، وەکو هەمیشە و بەردەوام مەجبوری گەلەکەمانین بۆ ئەوەی بەهێزمان بکەنەوە و ئێمەش هێزی ئەوان بین لە بەغدا. دیسانەوە سەربە ماڵی خەڵکی خۆماندا  دەکەین ، تاک بە تاک و ماڵ بە ماڵ مەمنونی دەنگی ئەوانین و پێیان دەڵێین (دەنگی تۆین لە بەغداد) و دەنگی تۆمان دەوێت بۆ بەغداد.

جارێکی تر ڕوومان کردەوە خەڵکی خۆمان تا دەنگمان بداتێ و دەنگمان زوڵاڵ بکات لە کەینوبەینی دیموکراسی بەغدای ناوەندی سیاسەتی عێراقدا ، جارێکی تر موحتاجی میللەتەکەمانین تا لە بەغدا پشتمان بەوان ئەستوور بێت. تا دەنگی حەڵاڵیان لە زستاندا گەرممان بکاتەوە و لە هاوینی گەرمی پایتەختدا دڵمان فێنک بکاتەوە. 

جارێکی تر دیموکراسی و هەڵبژاردن و دەنگدانە و ئێمە کەیفمان بەوە دێت کە گەلەکەمان و هاوڵاتیانمان چاویان بە مەجبووری و مەمنوونی دووبارە و بەردەواممان رووناک و گەشبێتەوە. ئێمە وەکو هێزی تر ، وەک هیتر نین کە پشتمان  بە بێگانە و ئەغیار قایم بێت،ئێمە پشتمان بە گەلەکەمان قایمە و چاو لە دەستی ئەوانین، لووتبەرزی گەلەکەمان نین، تا رووزەردی لای نەیارەکانمان  بین، ئێمە حەزمان لێیە و دڵمان خۆشە بە بەسەرکردنەوە و لاواندنەوەی غروری جوان و ئیجابی گەلەکەمان، کە دەبینێ بۆ لەمەودواش پێویستمان بە دەنگ و ڕەزامەندی ئەو هەیە، کە دەبینێ ئەم داخوازییە پرسێکی دووبارە و بەردەوامە. ئێمە دەنگمان دەوێ و دووبارە و بگرە ٢٢٢ جاری تریش بچینەوە لای خەڵکی خانووە قوڕەکان و خانووەبە بلۆک و تابوقدروست کراوەکانیش هێشتا پێمان حەیف نییە و پێمان کەم نییە. هێشتا لە گیانمان فرەخۆشە سەر بە ماڵی دۆست و خەڵکی خۆماندا بکەینەوە، باشترە لەوەی سەر بە ماڵی دوژمن و ئەغیاردا بکەین.

میللەتی  خۆمانە و جارێکی تر دەچینەوە لای و قەت کۆڵ نادەین، دەڵێین هێزی تۆین، لە بەغدا و هێزی تۆمان پێویستە بۆ بەغدا. 

ئێمە مەجبورین و مەمنونین، ئێمە ٢٢٢ین کە مام جەلال فێری کردین هەڵقوڵاوی ناو گەلی خۆمان بین و هێز لەوان وەربگرین و هێز بەوان بدەین.



 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە