.
01:42 PM - 04/10/2025
روانگەی ئیكۆ عیراق كە تایبەتە بە كاروباری ئابووری ئاشكرایكردووە، بودجەی عیراق تاكۆتایی مانگی تەمموز زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەبووە و داهاتی نانەوتیش بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕوانگەی ئیكۆ عیراق، كۆی خەرجییەكانی حكومەتی عیراق تاكۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ 84 ترلیۆن و 185 ملیار دینار بووە، بەجۆرێك خەرجییەكانی بەگەڕخستن زیاتر لە 62 ترلیۆن دینار بووە كە گەورەترین پشكی خەرجییەكانە. خەرجییەكانی وەبەرهێنانیش 13 ترلیۆن دینار، خەرجییەكانی خولەكانی مۆڵەتپێدانی نەوت زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار و ئەو خەرجییانەش كە بەپێی رێككەوتنی چین كراوە زیاتر لە 321 ملیار دینار بووە.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كۆی داهاتەكانی عیراق لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 72 ترلیۆن دینار بووە، كە 7 ترلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە، كە دەكاتە 10%ی كۆی داهاتی گشتی عیراق. هەروەها ئەو بڕە پارانەی لە هەرێمی كوردستانەوە گواستراونەتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، 439 ملیار و 340 ملیۆن دینار بووە. روانگەی ئیكۆ عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتی نەوتی عیراق لەو حەوت مانگەدا گەیشتووەتە 64 ترلیۆن و 940 ملیار دینار، بەمەش كورتهێنانی راستەقینەی دارایی تا كۆتایی مانگی تەمموز نزیكەی 12 ترلیۆن و 150 ملیار دینار بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە