کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

‎شەقامەکانی کەرکوک، لاپەڕەی رۆمانەکانی تورک

.

10:13 AM - 23/09/2025

ستران عەبدوڵڵا
——-
‎ئەزموون هەر لەژیانەوە نییە، ئەزموون دەشێ لە کتێب و نووسراوەکانیشەوە بێت، ژیان دوو سایدە: هاتن و چوون ، بۆیە وایە، نووسراو و کتێبانیش قوڵب دەدەن و لە ناو جەرگەی ژیانەوە دەبنە پیت و ڕستە و لەسایدێکی ترەوە وەک ئەزموون دێنەوە کۆڕی ژیان، بەخێر بێنەوە!
‎نموونەکە لە ئەدەبی تورک و مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی تورکیاوە وەردەگرین. ئەزموونێکی ئاڵۆز و پڕ دەرس و دەوری زیندوو و بزوێنەر کە بە خوێن و فرمێسک هاتووە، هی ئەوەیە ئێمەش لێی رابمێنین. ئەزموون وەک شاعیر مستەفا بەگی کوردی دەڵێ ( دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیبە، بۆچی ناتەوێ).
شەڕی شەقاوەکان لە شەقامەکانی تورکیای حەفتاکان تا کودەتای سەربازی کەنعان ئیڤرن لە ساڵی ١٩٨٠ ئەوەندە جەرگبڕبوو و ئەوەندە زام و خوێنی لێ چۆڕا و دەرد و بەڵای لێ ڕژا کە بۆ پەند و حیکمەت بەشی دەرودراوسێش دەکات و دووبارە کردنەوەی لە شوێنی تر هیچ پێویست ناکات.
‎مێژووی بەسەرهاتەکانی تورکیا دوای تەشەنەی دۆخی سیاسی نێوان پێکهاتەکان و رەوتە سیاسییە جیاجیاکان دەڵێت کۆڵان و گەڕەک و شەقامەکانی ئەستەمبوڵ و مەرعەش و بایەزید و شوێنی تریش وەک گۆڕەپانی جەنگی خوێنینی نێوان عەلەوی و محافەزکارەکان بوو، لەێ لەو زەمانە چەپ و نەتەوە پەرستەکان لێکیان دەداو لێکیان دەکوشت، بە ئاگر و گوللە دەسترێژیان لەیەک دەکرد و بە پەلامار و تەعەددا دەستدرێژیان دەکرد سەر یەک، خانوو و ماڵ و گردبوونەوەی یەکتریان خەت خەت و سوور دەکرد تا بناسرێنەوە و پەلامار بدرێن. قەسابخانە و تەقینەوەی رۆژانە بوو ، دیاردەی رۆژانەی بێ جارەسەری وابوو خەڵک لە هەموو لایەک بێزار بوو کە هاتنی عەسکەر و ئەفسەر لە دوانزەی ئەیلولی ١٩٨٠ وەک هاتنی رزگارکەر و فریشتەی هیوا بەخش وابوو لە داخی شڵەژان و نیگەرانی قۆناغی داوەشینی سیاسەت و ژیری و تەگبیر .
هەزاران هەزار لاوی تورک کوژران و سەرگەردان بوون کە بەداخەوە دوای کودەتا وەک هەموو کودەتایەک دۆخ خراپتر بوو. مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەو دەورانەی حەفتاکان تا کودەتا بەشێکی چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، کتێبی بەسەرهات و ئەزموونی شەخسی سیاسەتکاران و پیاوانی دەزگاکانی دەوڵەت بەشێکی تریان نووسییەوە. رۆمان و بەشێکی فیلم و درامای سەنگین کە بۆ دەستەبژێر نووسراون ئەم ئەرکەیان بە بەرهەمی جوان تەواو کردووە، سینەماکاری گەورەمان یەڵماز گۆنای بەشێکی سینەمای واقیعگەرانەی خۆی بۆ ئەم ئازارە ناوخۆییە تەرخانکرد. ئەوی مایەوە یلمازێکی تر ، سینەماکارێکی تری کورد ، واتا یلماز ئۆردگان تەواوی کرد .لە ئەدەبدا دوو رۆماننووسی گەورەی تورکیا: ئۆرهان پاموکی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و ئەلیف شەفەقی پڕ ئەزموون چەند رۆمان و چیرۆکێکی خۆیان بۆ ئەو دەورانە ناخۆشەی وڵاتەکەیان تەرخانکردووە. پامۆک و شەفەق تەنانەت دوورتریش دەڕۆن ، وەک فلاش باگ لەسەر ئازار و مەینەتی ئەرمەن و یۆنانیش دەدوێن. یانی پێش ئەوەی قڕکردن و تەوەلاکردنی ئەرمەن و یۆنانی کارێک بکات وڵات لە رەنگی تۆخی ناکۆکی ئاینی کاڵبێتەوە و ئیتر ناکۆکەکان خۆیان بۆ ناکۆکی ئایندەلۆژی و سیاسی و نەتەوەیی تەرخان بکەن و بگوازنەوە : ناکۆکی کورد و تورک هی عەلەوی و سوننی ، هی چەپ و نەتەوە پەرستەکان.
ئەم بەها و نرخانە وابوو کە بوونە ئاسایی و باو لە رۆژەفی بەسەرهاتەکانی تورکیای هەشتاکان و بوونە سیمای تەڵخی بزاوتی سیاسەتی گشتی لەو وڵاتە تا ئەوەی نووسەری کورد بەختیار عەلیش بە ئازار و بە ئازایەتییەوە رۆمانی (داگیرکردنی تاریکی) بنووسێ و لەسەر هەمان رەوتی چاوتیژی ئەدەبی داهێنەرانە لەدیوی ئەمبەرەوە، یانی دیوی کورد، خەم و پەژارەی ناکۆکی خوێناوی بگێڕێتەوە. داوەشینی هاوچەرخی سیاسیی کارێکی وایکرد چەند رەوتی فیکری و سیاسی لە تورکیا سەرهەڵبگرن و کۆچ بکەن.وایکرد کرمانجەکەی خۆشمان دوای چەند دەیە لە تواندنەوە و نکۆڵی نەتەوەیی ، شۆڕش بەرپا بکات.
ئایا ئەم جولانەوە جەرگبڕەی دراوسێکەمان کە سەت ئیسعاف و نەشتەرگەری بۆ کراوە دەرسی بە نرخ نییە نییە تا کراسی ئاواز و عقلی لێ بدوردرێت؟
‎ئایە ئەمە دەرس نییە بۆ عێراق و بۆ (عیراقە بچوکەکەی ) کەرکوک تا ئاڵۆزی و بەریەککەوتن لە نێوان جیاوازەکان قوڵتر نەکرێتەوە و ناکۆکییەکان بە ئاشتی و دیموکراسی و هەڵبژاردن ئیدارە بدرێن نەک بە قۆڵبادان و دەست شکاندن و فیتنەگێڕی ؟
ئایە دەرسی دەوروبەری دوور و نزیک لە تورکیا بۆ سوریا و لوبنان بەس نین تا هەبن لە ئاوی ڵێڵدا مەلە بکەن ؟ شۆی بێ مانا و خۆگیفکردنەوەی بێ بنەما لەسەر شەقامەکان و لە ڕاڕەوە تەسکەکانی سیاسەتی کورت بین بکەنە پەین و مادەی کارەسات ؟ بۆ ئەمە لە ساڵی ١٩٥٩ لە گشت لا نە قەوما تا ئەو ئاستەی لە خودی رۆمانە ناوبراوەکانیشدا سیما و ئەدگاری قەوماتەکانی کەرکوک لە کتێب و پەناو پەسێواندا باس بکرێت؟
ئەم هۆنینەوە و گرێچنەی رۆمانەکان دەرس و پەندن بە حیبر و مرەکەبی شین پێویستی دەرسی خوێنینی سەر شەقامەکان و ئەرزی واقیع گل دەدەنەوە.
ململانێی رێکخراوی سیناریۆی سیاسیی و شانۆی دەوڵەتی قووڵ لە زۆر شوێن بێ هودە دامانی میللەتانی تری گرتەوە و هەر لە پێشکەوتن دووری خستنەوە دەنا قەت دەسکەوتی نەبوو و بۆ خاوەنەکانیشی هیچی تیا بەسەر نەبوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە