.
12:21 PM - 13/09/2025
بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاری كۆتایی لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە داهاتی نانەوتی بدات.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بەگەلی كوردستانی راگەیاند، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەفتەی ڕابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەت بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی پەیوەست بە داهاتی نانەوتی لەنێوان هەرێم و بەغدا، پەنای بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت برد، تاوەكو بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدرێت. بۆیە پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاریی كۆتایی بدات و ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر بڕیارەكە لە بەرژەوەندی هەرێم بێت ئەوە شەش مووچەی مانگەكانی داهاتووی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی مسۆگەر دەكرێن.
ئەنجومەنی دەوڵەت دامەزراوەیەكی دادوەریی عیراقە و نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی دادوەری كارگێری دەكات. كاری ئەو ئەنجومەنە بریتییە لە پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی حكومەت، كاتێك لەسەر پرسێك گرفت دروستدەبێت و لێكدانەوەی جیاواز بۆ یاساكان دەكرێت، ئەنجومەنی دەوڵەت دەقی یاساكان رووندەكاتەوە و گرفتەكان یەكلایی دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە