.
10:45 AM - 14/09/2025
لەڕاونگەی ئەم ڕەوشە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەو دوورخستنەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسیەکانی سەر خەڵك و خاکی کوردستان ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، پلانی تۆکمەی هەیە وەك چەترێکی پۆڵاین بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی سەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
هەرچەندە لەسەر زەوی داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەکانی لەئارادا هەیە ، ئەویش بەهۆکاری گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخی نادیاری سوریاو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لەعیراق ، ناوچەکە کەوتۆتە قۆناغێکی زۆر هەستیار ئەگەر ناوچەکە ئەم سەقامگیریە ڕێژەییە لەدەست بدات ، جارێکی تر هێزە هەرێمایەتیەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و هەڵگێڕانەوەی ڕەوشی ناوچەکە ، بەپێی ئەجندای خۆیان، سەرلەنوێ پەنا بۆ شەڕی بەوەکالەت دەبەنەوەو ناوچەکەش دووبارە دەبێتەوە بە شوێنی یەکلاکردنەوەی حساباتی خۆیان
پێویستە عیراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژائاوای کوردستان، دۆخی هەستیاری ناوچەکە بەووردی لەبەرچاوبگرن و نەکەونە ناو بۆسەی شەڕی بەوەکالەت و سنورەکانیان تۆکمەتر بکەن . تاکە ڕێگەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بارودۆخە، تەبایی یەکڕیزی ناوەخۆ و جۆشدانەوەی خەباتی پێکەوەییە، چونکە یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلی کوردستان لەهەردوو بەشی باشورو ڕۆژئاوای کوردستاندا ، هۆکارێکی بەهێزە بۆ سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەو ڕێگریەکی بەهێزیشە لەبەرامبەر شەڕو گێچەڵی گروپە تیرۆریستەکان ، هەموو دنیاش دەزانێت کە هێزە چەکدارەکانی کوردستان لەباشورو ڕۆژئاوای کوردستاندا ، بەشێکی گرنگ و کاریگەرن بۆ سەقامگیری عیراق و سوریاو تەواوی ناوچەکە.
لەم هەلومەرجەدا، لە دوو ڕوانگەوە سەیری پێشهاتەکان دەکەین:
یەکەم لە بواری نەتەوەیی و نیشتمانیدا دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی لەپێشینە دەزانین، لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان، وەکو قەوارەیەکی نەتەوەیی نیشتمانیی لەچوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عیراقدا ، کار بۆ چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان دەکەین، لەجیاتی ئەو هەوڵە لەبارانەی کە بەشێوەی کاتی کار بۆ چارەسەری کێشەکان بکرێت، دەبێ کاری جدی بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بکەین ، پێویستیشە لەپێناو بەرژەوەندی هەمووان ، رێڕەوی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنچینەی بەشداریپێکردن بگۆڕین بۆ ، گەشەپێدانی ئابوری ، خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتی کۆمەڵگەو بەهێزکردن و رێکخستنەوەی هێزەکان و چارەسەری کێشە خزمەتگوزارییەکان.
لە هەمووشیان گرنگتر گرفتی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێن. بەشێوەیەکی گشتی ئەوە بەئەرکی سەرەکی و هەنوکەیی هەرێمی کوردستان دەزانین.
لەگەڵ ئەوەدا، خۆمان بۆ ئەگەری پێشهاتە نوێیەکانی ناوچە ئامادە بکەین ، لەم رووەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەك هێزێکی کاریگەر گۆڕەپانەکە هەمیشە بەئاگابووەو لەپێناوەشدا ، قوربانیی زۆری داوەو ئێستاش ئامادەی هەموو قوربانیەکە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکانی سەر کوردستان .
ئەمە هەم لە ڕووی داکۆکیکردن لە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و هەمیش لەڕووی بەدیهێنانی هاوسەنگی هێز بە تێکۆشانی نەبڕاوە دادەنێت، کە لەم رێگەوە سەقامگیری سیاسی گەرەنتی بکرێت.
یەکێتیی بە پێویستی دەزانێت، لەپێناوی پاراستنی پڕانسیپی پێکەوەژیان، لە بواری سیاسی و سەربازییەوە بنەمای هاوسەنگی هێز بەرقەرار و پارێزراو بێت ، لەپێناو چەسپاندنی چەمکەکانی دیموکراسی ، لەڕوانگەی دووەمەوە ، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕالیدا ، قەوارەیەکی دەستورییە لەدوای بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لەمێژووی کورددا، بۆجاری یەکەمە بەپێی دانپێدانانی نێودەوڵەتی ، سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دروست بێت ، بێگومان دەبێت ئەو دەستکەوتە مێژووییە، کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدیهاتووە بیپارێزین.
هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستوریدا ، بەشێکی گرنگیم عیراقە ناگونجێت لەم قۆناغەدا نکۆڵی لەوە بکرێت .
دەستبردن بۆ سیستمی ئێستای عیراق ، کە لە 2003وە دەسەڵات بە ئاشتیانە دەستاودەست دەکرێت، کارێکی ئاقڵانە نیە ، ڕێگە بە گەمە سیاسیە مەترسیدارەکانی هەرێمایەتی بدەین ، گەلەکەمان و دەستکەوتەکانمان بخەنە بەر مەترسییەوە ، بەپێچەوانەوە دەبێ هەرێمی کوردستان هاوکاری ئەوە بێت کە سیستمی حوکمڕانی لەعیراق گەشەی پێبدرێت و ببێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو لەسوریاو ڕۆژئاوای کوردستانیشدا.
ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ دواخستنێك هەموو کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی عیراق لەچوارچێوەی دەستورو پڕانسیپی هاوبەشی و پێکەوەیی و سازان بەشێوەیەکی ڕیشەیی و بۆ هەمیشە چارەسەر بکات. موماتەڵە کردن بە چارەسەری کێشەکان و کردنە ئامێری سیاسەتی رۆژانە؛ لە خزمەتی پێگەی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عیراقیش نیە، بەڵام زیانی زۆرتر بەپێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
هەرێم کەمال ئاغا
سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە