.
09:50 AM - 14/09/2025
عیراق چەند گرێبەستێكی وەبەرهێنانی بە بەهای یەك ملیار دۆلار لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی ( ئای ئێف سی ) باڵی كەرتی تایبەتی بانكی نێودەوڵەتی ئیمزا كرد. وەبەرهێنانەكە لە كەرتەكانی وزە، كشتوكاڵ و داراییدا دەبێت. لە رێوڕەسمێكدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی لە عیراق، محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق گرێبەستە نوێیەكانی لەگەڵ كەرتەكانی تایبەت و گشتیی وڵاتەكەی راگەیاند. هەروەها سودانی ستایشی كەرتی تایبەتی عیراقی كرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان سەرەڕای كێشەی بیرۆكراسی، گەندەڵی و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و راشیگەیاند، راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی رۆڵی لە پشتگیریكردنی سەقامگیریی ئابووریی عیراق هەبووە. لای خۆیەوە دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی ( ئای ئێف سی) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەبەرهێنان و كاری نوێ بە بەهای یەك ملیار دۆلار لە بواری وزە، ژێرخان، كشتوكاڵ و دارایی لە عیراق دەكات. دامەزراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ساڵی 2005ەوە زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەكانی عیراق وەبەرهێناوە و كۆكردووەتەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە