کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

درەنگ وەخت لەگەڵ شەهید حاجی هەڵمەتدا

.

02:43 PM - 13/09/2025

ستران عەبدوڵڵا
چەند جار راگوزەر لە باسی کەرکوک و راپەڕینەکەی، لە باسی قوربانی و شەهادەتەکانی و شەهیدەکانی، ناوم هێناوە و سڵاو و درودی قەڵەمم بۆی ناردووە. بەڵام راگوزەر بەس نییە، چونکە پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی راگوزەر نییە، گەرەکە بەدیار یادەکەیەوە دانیشم و ڕامێنم، بیلاوێنمەوە و کەمێک هەقی وی، بەسەر هەموو کەرکوکییەکەوە، بەسەر بکەمەوە. وەکو ئەو هەقەم پێ نادرێتەوە مانای نییە یەکجار یاد و زیکری وێڵ و فەرامۆش بکەم.. ئەو شایانی کتێبێکی تەواوە، با ئەم نووسینە پاشەکی کتێبی (حاجی هەڵمەت) بێت کە ئاشناکانی بینووسن و بیگێڕنەوە.
شەهید و شاهید و فەرماندەی بە کردەوەی رزگاری کەرکوک وەختێک سەرکردایەتی راپەڕین بڕیاری خۆیدا. ڕاماڵینی ڕزگاری تا چیای حەمرین بڕوات. بڕیارەکە ساکار و سازگار بوو. وەک هەموو بڕیارێکی شۆڕشگێرانە. کاک نەوشیروان مستەفا، کاک نەوشیروانی جاران، پێی وت:
حاجی تۆ ئەم ئەرکەت پێ دەکرێ. ئازا و قارەمانی و پێشمەرگەی. حاجی و موبارەک و موفەرکی، دەبیە مزگێنی جەژنی رزگاری، ناوەکەت بۆ هەڵمەت و هێرش و پەلامار ناوەرۆکی گەشبینی و سەرکەوتنە، یانی باسەکە جەژنە و هەموو جەژنێک قوربانی دەوێت.
جا ئەوە بوو حاجی هەڵمەت ئەوەی لە بەهاری 1991 کرد کە دوای دوانزە ساڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی خەرجییەکی زۆر و سوپایەکی زەبەلاح زەبەلاحیان بۆ تەیار کرد و پرۆسەی ئازادی عیراقیان لە کەرکوک سەرخست (لە رۆژی 10/4/2003)، حاجی هەڵمەت و هەڤاڵەکانی بە تفەنگی قاچاخ و زەخیرەی مەشجەبی ئازادکراوی راپەڕین (لە 19/3/1991) کەرکوکیان لە تەعریب و تەرحیل و تەبعیس سەندەوە. دوای شەهید بوونیشی هاوڕێکانی و کەرکوکییەکان دەڕۆژ ئەم ئازادییەی کەرکوکیان لای خۆیان گلدایەوە.
ئەم یەکێتی نیشتمانییەش سەیرە! کەرکوکی کردۆتە رێی کانی، هەر تروسکاییەک بۆ رزگاری بابە گوڕگوڕ شەوق بداتەوە سێ و دووی لێ ناکات، ئامادە و هەڵمەتبەرە: رۆژێک، لە زەمانی پێشمەرگایەتی، لولەی نەوتەکەی کون کون دەکا و رۆژێک تا بناگوێی مەعەسکەر کەیوان دەیبات، جارێ دونیای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر کۆ دەکاتەوە، بەیەکجاری کەرکوک و دیکتاتۆرەکەی بەغداش ڕادەماڵێ و جارێکی تر گشت میللەت کۆدەکاتەوە و بە دەنگدان و بە دەنگ کردن پارێزگاکە رزگار دەکا و پارێزگارێکی کورد دادەنێ.
حاجی هەڵمەت لە ناو ڕاستی ئەم نەبەردییە یەکێتییەدا وەستاوە. بە خوێن و ڕەنجی پێشمەرگانە داگیرکەری بەعسی لە هەڵمەتی راپەڕین ڕاماڵی.
ئاخر ئەو زەمانە دیموکراسی و مۆر و مشەما و مەرکەب نەبوو تا شار بە شارستانی ئازاد بکرێت، ئەو زەمانە بازنە و بنکە و تیمی هاندان نەبوو کە خەباتی دیموکراسی بکەن، ئەو زەمانە ئازادی پێویستی بە رەنج و ئارەق و خوێنی گەش هەبوو.
حاجی هەڵمەت هەرگیز لەمە درێغی نەکرد، خوێن و خۆی بە ئازادی کەرکوک بەخشی.
ئەو زەمانە وابوو کە دڵداری لە دڵەوە بوو ،ڕاست و ڕاستگۆ و یەکسەری بوو. بێ نقێم و تیفتیفە دەگوترێ. ئاخر باخچەی پاشا لەوبەر ئاوەوە هەڕەشەی لە کورد و کوردستان و کەرکوک دەکرد. خێڵی دوژمنی بەعس و تۆرانی و تیرۆری دەوڵەت بوو، هەر دەبوایە رێگای خۆی تا ئەوبەری خاسە بکاتەوە و شەهید بدا و شەهید ببێ.
حاجی هەڵمەت دڵداری مەزاری باباگوڕگوڕ بوو، گەرەکی بوو نەزۆکی و بێ بەری و بێ هیوایی ببرێتەوە و ئاگری ئەزەلی هەر ئاگری نەوت و سامان سەفقە و سەفتە و تەنکەر نەبێ، ئاگری ئەزەلی ئازادی و رزگاریش بێت.
بەو حاڵەشەوە داستانی حاجی هەڵمەتی شۆڕشگێر کەمی لێ نووسراوە و کەمی لەسەر نووسراوە. ئاخر خۆ دەبێ ئازایەتی و هەڵمەتی رزگاری کەرکوک لە پرۆڤەی سفرەوە دەستی پێ نەکردبێ. هەر دەبێ چەند نەبەردی و چەند چالاکی و چەند وردە زامداری و پێکانی پێشمەرگایەتی لە تۆماری سەروەریدا هەڵگرتبێ. حاجی لێی دەگێڕنەوە وەرزشکار و ئەهلی تۆپی پێ بوو. یاریزان تا وەرزی یاری لوتکە مەشق دەکا و ڕاهێنانی دەبێت. داخۆ چەند ئەزموونی چالاکی و چاپوکی دژی دوژمن کردبێت تا رۆژی رزگاری شاری کەرکوک؟
هەقێتی ئەم دەفتەرە واڵا بکرێتەوە و هەقێتی هەڤاڵەکانی قۆڵی لێ هەڵماڵن و گشتی بگێڕنەوە و گشتی (قەید و حەسر) بکەن.
بە داخەوە لە زەمانی سەروەری ئەو نەژیام و وەک مامۆستا هێمنی موکریانیش ناتوانم و نازانم شینگێڕی شەهیدان بم. بەهرەیەک کە نیمە و دیوانی شیعرم نییە وەک شێرکۆ بێکەس بیڕازێنمەوە. لێ بانگەوازم هەیە و بانگم رجاو تکایە. کوردستان لە سایەی رەنجکێشانی سەدانی وەک حاجی هەڵمەت رزگارە و کەرکوکیش (خاسە تیماری)یەکەی بەناوی ئەوەوە تۆمارە. ئازادیمان سایەی سەوزەڵانی و ئاوەدانی حاجی هەڵمەت و هاورێکانێتی و بۆ ئەوەی ئەو سایە تا سەر بێت هەر دەبێ دینگەکانی پتەوبکەین. چیرۆکەکانی بگێڕینەوە و داستانەکانی بکەینە جڵد و کتێب.
بۆنەی ئەم نووسینە رۆژی شەهادەتی حاجی هەڵمەت نییە. بەڵام ئەو کە هەموو رۆژێکی رەنج و زامداری و بیماری کەرکوک بووە، هەموو ڕۆژێک هی یادێتی. یادی بەخێر.

546386513_3071929032986359_3044429261102175193_n.jpg

546759192_3071938769652052_5545945826868476328_n.jpg

546954501_3071938676318728_5307259948196415060_n.jpg

547175863_3071928536319742_6535602381361880652_n.jpg

547942624_3071929036319692_2251780818870063307_n.jpg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە