.
10:04 AM - 10/09/2025
بڕیارە ئەمڕۆ، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، میوانداری هەریەكە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق بكات بۆ گفتوگۆكردن، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان.
لەوبارەیەوە موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی عیراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە داهاتەكانی عیراق بۆ ساڵی 2025 و هۆكارەكانی دواكەوتنی مووچەی خانەنشینیان و پێویستی چارەسەركردنی و دووبارەنەبوونەوەی لە داهاتوودا دەكرێت. بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەو لێپرسراوانەی حكومەت، گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئەنجامی دانوستانەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت.
میوانداریی وەزیرانی دارایی و پلاندانان لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا، بڕیاریدا پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان، رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكات.
دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان عیراقیش لەم مانگەدا بۆ ماوەی چەند رۆژێك دواكەوت، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لەناوخۆدا بەدواداهات و وەزارەتی دارایی هۆكارەكەی بۆ گرفتی تەكنیكی گەڕاندەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە