.
02:24 PM - 07/09/2025
سودانی بڕیار لەسەر راپۆرتی وەفدی دانوستانكاری هەرێم و عیراق دەدات
سەبارەت بەرێككەوتنی نێوان هەردوو وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیار لە سەر راپۆرتی كۆبوونەوەكانی نێوان وەفدی هەرێم و یەغدا بدات.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەحكومەتی عیراق رایگەیاندوە، هەرچەندە ناكۆكی و بۆچوونی جیاواز هەبووە لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی، بەڵام هەردوو راپۆرتەكەی وەفدی هەرێم و عیراق یەكیان گرتووەو كۆنووسێكی هاوبەشیان نوسیووەو بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە سەعات 12ی نیوەڕۆ وەفدەكە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببێتەوەو راپۆرتەكەش بدرێتە محەمەد شیاع سودانی.
هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر سودانی هیچ تێبینیەكی نەبوو لەسەر خاڵەكان ئەوا رۆژی سێشەممە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەند دەكرێت و گرفتی داهاتی نانەوتی چارسەر دەكرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر سودانی تێبینی لەسەر خاڵەكانی ناو كۆنووسەكە هەبێت ئەوادەبێت جارێكی تر هەردوو وەفدی دانوستانكاری هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو خاڵانە كۆببنەوە و بگەنە رێكەوتن.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، وەفدی دانوستانكاری عیراق تێگەیشتنی باشی هەیە سەبارەت بە بۆچوونەكانی وەفدی هەرێم لە بارەی داهاتی نانەوتی.
سەبارەت بەپرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش، عەلی نەزار بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندوە، لەلایەن ئێمەوە رێككەوتن و گرێبەستەكان بەهەموو شێوەیەك تەواوكراون و هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە كراوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە