.
03:45 PM - 06/09/2025
ئاری محمود قەرەداغی سویسرا
دوای دەیان ساڵ شەڕ، عێراق جارێکی دیکە سەرمایەگوزاری بیانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا 64 ملیار دۆلار وەبەرهێنراوە. دوای ساڵێک لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا، کۆمپانیاکانی سویسرا دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی بازاڕی عێراقدا.
نزیکەی ساڵێک دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا، لانیکەم 25 کۆمپانیای سویسری لە ئێستاوە لە عێراق کاردەکەن، لەوانە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازی دەرمان و ئەلیکترۆنی و خۆراک.
ئەمەش بەشێکی سەرکەوتنەکانی دانیال هونە لەدوای دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی سویسرا لە عێراق. ئەم بەردەوام کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات.
میدیاکانی سویسرا بەردەوام دەڵێن عێراق زۆر سەقامگیرترە لە ڕابردوو.
"دروستکراوی سویسرا" «Made in Switzerland» ئیلهامبەخشە بۆ عێراقییەکان
پێویستی وەبەرهێنان لە عێراق نزیکەی 450 ملیار دۆلارە. ڕەشا عودە، ژنێکی بازرگانی بە ئەزموون بە ڕەچەڵەک ئوردنی و لە زیوریخ دەژی، لە چاوپێکەوتنێکی میدیای رەسمی سویسرا دەڵێت دەیەوێت ئەم توانایە بەکاربهێنێت.
ماوەی 18 ساڵ لە کەرتی دەرمانی عێراقدا کاری کردووە و تازە کۆمەڵەی بازرگانی عێراقی سویسری دامەزراندووە: پلاتفۆرمێک کە بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی نێوان کۆمپانیا سویسری و عێراقییەکان داڕێژراوە.
زیاتر رونی دەکاتەوەو دەڵێت "دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان عێراق و سویسرا، نەک تەنها لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان بەڵکو لەگەڵ کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکانیشدا، زۆر گرنگە".
"عێراق ساڵانە نزیکەی 150 ملیار فرەنکی سویسری داهاتی نەوتی دەستدەکەوێت. سەرچاوەکان لەوێدان، بەڵام وڵات پێویستی بە هاوبەش هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و مۆدێرنکردنی کەرتی تایبەتی خۆی".
بە گوتەی ئەو، سویسرا ناوبانگێکی بەرزی لەنێو عێراقییەکاندا هەیە: "بۆ ئەوان سویسرا وەستاوە بۆ کوالیتی و یەکسانی و ئارامی، ئەوان ڕێز لە هەموو ئەو شتانە دەگرن کە لە سویسرایەوە دێت".
بانگەوازێک بۆ بانکەکانی سویسرا بۆ مۆدێرنکردنی عێراق
محەمەد ئەلنەجار، بەڕێوەبەری کارگێڕی سندوقی گەشەپێدانی عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ وەبەرهێنان، جەخت لەسەر گرنگی کوالیتی و گواستنەوەی زانیاری لە هاوبەشییە ئابوورییەکان دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ئەوەوە عێراق ئەو ئۆفەرانەی پێ باشترە کە باشترین بارودۆخی بەردەوام بۆ وڵاتەکە دابین بکەن نەک تەنها هەرزانترین نرخ.
دەڵێت: "بۆ نموونە ڕاهێنان، گواستنەوەی زانیاری، گەرەنتی، هەموو ئەوانە. وە سویسریەکان باشترینن لەم بوارەدا".
هەروەها ئەلنەجاڕ دەیەوێت هاوکاری بانکی بەهێزتر بکات: "لەگەڵ چەند بانکدارێک قسە دەکەم بۆ ئەوەی هەوڵبدەم بانکە سویسراکان ڕازی بکەن بێنە ئێرە. بۆ ئەوەی بتوانن هاوکارمان بن لە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکی عێراقی لەسەر بنەمای زانیاری سویسرا".
بازاڕێکی بەڵێندەر بەڵام ناسک
سەرەڕای سەقامگیری ڕێژەیی عێراق، دانیال هون باڵیۆزی سویسرا ئاماژە بەوە دەکات کە گرژییە ناوچەییەکان- وەک ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران- ئامادەیی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دامەزراندنی خۆیان لەو وڵاتە خاو دەکەنەوە.
ڕوونیشی دەکاتەوە، "ئەم ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا زۆر خراپە بۆ وڵاتێک کە لە ئێستادا لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە دەکات و چوارچێوەیەک دروست دەکات کە سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی".
جگە لەم نادڵنیاییە جیۆپۆلەتیکیانە، کاریگەریی دەرەکی و ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی و چاکسازیی سەختی دامەزراوەیی هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە