.
02:02 PM - 06/09/2025
بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئەو بەیاننامەیە رەتدەكەنەوە كە شەوی رابردوو بەناوی دەستەكە بڵاوكرایەوە و تێیدا رایانگەیاندووە هەرچەندە ئێمە وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێری دەستە ناوەڕۆكەكەی رەت دەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی سیاسی دیزاینكراوی دەزانین، چەندین جاری تر سەرنج و تێبنیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە، كە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێكراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەكەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندووە و هەموو جارێك داوای چارەسەرمان كردووە.
لەراگەیەندراوەكەی ئەو بەشەی ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە سەبارەت بەسەردانی ئارام قادر لەهەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی كەسوكاری ناوبراو سەردانی دەستەیان كرد، داوایان كرد دەستە بەدواداچوون بكات، ئێمە پەیوەندیمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە كرد و بەسوپاسەوە وەڵامیان داینەوە كە لەم هەفتەیەی بێتەوە ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێكدەخەن و بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە بۆ كاتەكەی وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام نازانین پەلەی بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە بەو پشووە و ڕۆژی هەینییە مانای چی بوو؟ سەبارەت بەدەستگیركراوانی شەڕەكەی لالەزار هەموولایەك ئاگادارن، ئێمە یەكەم تیم بوین وەك دەستە سەردانی لاهور جەنگی بورهان و دەستگیركراوەكانمان كرد و، هەر لەڕێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتی سلێمانی ئاسانكاری كرد بۆ سەردانی كەسوكاری دەستگیركراوەكان و بەردەوامیش لەسەر خەت بووین بۆ سۆراغكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر هەموویان، هیچ ڕێگریەك نەبووە بۆ كارەكانمان، بڕیار بوو رۆژی یەك شەممە هەموو ئاسانكارییەك بكرێت، بەڵام دیسان نەیانهێشت بگاتە یەكشەممە وەك ئەوەی پێیان وترابێت، دەبێت هەر ئەم شەو ئەو بەیاننامەیەی كە ئامادەكراوە دەبێت بڵاوبكرێتەوە، سەرباری ئەوەی گفتۆگۆی زۆر كرا بۆ دواخستنی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە تا رۆژی یەكشەممە كە دەوامی رەسمییە بەڵام دیارە بڕیاری پێش وەختە بووە.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كارگێڕی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە دەمانەوێ ئەوە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكەین ئێمە وەك بەشێك لە ئەنجومەنی كارگێڕی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوكراوەتەوە، ڕەتدەكەینەوە و دەڵێین بەهیچ شێوەیەك گوزارشت لەڕای هەموو دەستە ناكات و تەنها ڕای لایەنێكی سیاسیە كە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان، بەكاردەهێنن و بەئاشكراش بە پەیامەكەی دەستە و ئەو پەلەپەل كردنەوە دیارە.
ئێمە دەڵێین لایەنە ئەمنییەكانی سلێمانی لەرۆژی یەكەمی رووداوەكەی لالەزار و بابەتەكانی تریش هاوكار بوون وە دەبوو دەستە ڕەچاوی ئەوەی بكردبایە ئەو كەیسە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدا بكرێت، ئینجا پرسیاری جددی ئەوەیە ئەی ئەو بەشەی ئەنجومەنی كارگێری دەستە لەكوێ بوون كاتێك لەشەڕەكەی خورشید هەركی و هێزە ئەمنییەكان، دوو كەس لە هێزەكان شەهید كران و كەسی داواكراویش لەمیوانخانە دانرابوو، بەڵام ئەو تیمەی ناو دەستە شتێكیان نەوت؟
ئەی كە چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا چەند كەسێك هەوڵی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندیان دا و دواتر هەڵهاتن بۆ شاری هەولێر و ئاسایشی گشتی سلێمانی پەیامی بڵاوكردەوە، بۆچی ئەرك پێ سپێردراوانی ئەو لایەنە سیاسیەی ناو دەستە داوایان لەدەزگا ئەمنیەكانی هەولێر نەكرد ئەو كەسانە دەستگیر بكەن و بیدەنە دادگا؟ ئەی كاتێك سەرۆكی دەستە ئامادەی دادگایی كردنی شێروان شێروانی بوو، بەبەرچاوی بەڕێزیان دادگا بڕیارێكی دا بەسەر ناوبراودا و لە بەردەمی دادگاش چالاكوانان و ئەندامی پەرلەمان سوكایەتیان پێ كرا، بۆچی دەستەی مافی مرۆڤ هیچ شتێكیان بڵاونەكردەوە؟ لەكاتێكدا نوێنەری یۆنامی نیگەرانی دەربڕی.
ئەی بۆ تا ئێستا تۆمەتبارانی كەیسی شوان سابر دەستگیر و ئاشكرا نەكراون و هیچ پەلە پەلێكیش ناكرێت؟
ئەی كاتێك شێخ ئەدهەم بارزانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداری پرسەی دایكی بكات لەماڵ و زێدی خۆی و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا گیرا و پاسەوان و شوفێرەكەی دەستگیركرا و جارێكی تریش بەم دواییە كۆمەڵێك پاسەوانی گیرا بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێكی بۆ ڕای گشتی نەوت و بڵاونەكردەوە؟
سەبارەت بە كەیسی هونەری رەشید ئاغا كە تا ئێستاش دادگایی نەكراوە و كەس نازانیت قۆناغی لێكوڵینەوەی بەكوێ گەیشتووە، بۆ هیچ ناڵێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش رووداوەكانی سلێمانی روویانداوە!.
ئێمە نامانەوێ ئەو لاپەڕانە هەموو هەڵدەینەوە كە هەموویمان وەك بەڵگە لایە و قسەی لەسەر نەكراوە لە پێشێلكاری زەق بەرامبەر مافی مرۆڤ لەسنوری هەولێر و دهۆك، باش دەزانین ئامانجی ئەو لایەنە سیاسییە چیە لە گەورەكردن و بڵاوكردنەوەی پەیامەكان لەسەر سنوری سلێمانی و دەزگا ئەمنییەكان لە رێگەی دەستەكەمانەوە، جگە لەهەوڵدان بۆ ناشرینكردنی دەزگا رەسمییەكانی ئەو سنوورە هیچ مانایەكی تری نیە و ئامانجەكەش دەستێكی ئاشكرای لایەنێكی سیاسیە كە دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان فەرز بكەن و ئێمەش وەك بەشێك لە ئەنجومەنی كارگێری دەستە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە ڕەت دەكەینەوە و بەهیچ شێوەیەكیش گوزارشت لەڕای گشتی دەستە ناكات . ئەگەر نا هەموولایەك لەدەستە باش دەزانن ئێمە ئەو بەشەین لە دەستەی مافی مرۆڤ زۆر پیشەیی و بەرپرسیارانە بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ و بێ گوێ دانە لایەنی سیاسی كارمان كردووە لە هەموو رووداوەكان.
بەردەوامی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بۆ بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی دەكەوێتە سەر ئەستۆی بەڕێز سەرۆكی دەستەكە و بەپێی یاسای دەستە بەرپرسە لە پاراستنی سیاسەتی دەستە وەك دەزگایەكی سەربەخۆ و بێ لایەن و ئاكامەكانیش هەرچی بێ لەزەرەری ناوبانگی دەستە دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە