.
04:17 - 21/11/2023
ژنێکی کورد بەناوی بەسیمە عەبدولرەحمان، لەریزبەندی 100 ژنی کاریگەری جیهانە بۆ ساڵێ ٢٠٢٣کە وەک کارەکتەرێکی لێهاتوو دیاریکراوە.
دامەزراوەی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند: ئەو کەسایەتییە کاریگەرانە لە بوارە جیاوازەکان و ئاستی جیهاندا لە ژنانی سیاسیی و هونەرمەند و وەرزشەوان و چالاكوان و داکۆکیکار لە مافی کەمینەکان و ژنان دیاریکراون ، لەناویشیاندا ژنێک بەناوی بەسیمە عەبدولرەحمان هەیە، کە دامەزرێنەر و بەرێوەبەری ئاژانسی کەسک ە بۆ راوێژی بیناسازی و بەکارهێنانی وزەی سەوز نوێبوونەوە لە عیراق.
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، کاتێک بەسیمە عەبدولڕەحمان دوای ماستەرەکەی لە ئەندازیاریی پێکهاتەیی گەڕایەوە، شێوازێکی جیاوازی بۆ هاوکاریی هێنایە کایەوە و کەسک-ی دامەزراند کە یەکەم هەنگاوە لە عیراقدا بەرەو درووستکردنی خانوو و باڵەخانەی دۆستی ژینگە و بەکارهێنانی خۆر وەک سەرچاوەی بەدەستهێنانی وزە، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە بەشیکی زۆر لە شارەکانی عیراق بەهۆی شەڕەوە وێران بوو بوون.
دامەزراوەکە دەڵێت، بەسیمە بە شێوەیەک کار دەکات، کە بیناسازیی و بوارەکانی پڕاکتیزەکردنی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خۆشگوزەرانی و ژیانی نەوەکانی داهاتوو نەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو بە هەمان شێوە دامەزراوەی بی بی سی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهانی بڵاوکردەوە کە لەنێویاندا 4 ژنی کورد هەبوون ئەوانیش (نیگار مارف سەرۆکی پەرستاران لە یەكەی سووتاوی نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری لەشاری سلێمانی، رۆزا ساڵح سیاسەتمەدار، خەڵکی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی سکۆتلەندا، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها روئیا پیرەیی چالاکوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە