.
01:18 PM - 11/09/2025
بەرەی چەپ و سۆشیال دیموكراتەكانی نەرویج توانایان بۆ دووەمجار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن. لەچەند رۆژی رابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بەڕێوەچوو، لەهەڵبژاردنەكاندا بەرەی چەپ و سۆشیال دیموكراتەكانی نەرویج كە بە بەرەی سوور و سەوزەكان ناسراون، سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناو توانییان 88 كورسی بەدەستبهێنن، لەبەرامبەردا راستڕەوەكان كە بە بەرەی شینەكان ناسراون 81 كورسی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە، پارتەكانی بەرەی چەپی نەرویژ بەوە ناسراون پشتیوانی لە دۆزی كورد دەكەن و بەدووبارە سەركەوتنیان لەهەڵبژاردنەكاندا سوودی زۆریان بۆ پرسی پەنابەران لە نەرویج دەبێت.
سەبارەت بەسەركەوتنی بەرەی چەپو سۆشیال دیموكراتەكانی نەرویج لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، رزگار هۆرێنی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە نەرویج، لەلێدوانێكدا خۆشحاڵی خۆی بەو سەركەوتنە دەربڕیو ئاماژەی بەوەكردووە، هەمیشە پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ پارتە چەپڕەوەكانی نەرویج هەبووە، سەرۆكو جێگری سەرۆكی پارتەكانو دەستەی بەڕێوەبەرانی پارتەكان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان بەدۆستی بەهێزی خۆیان زانیووە، لەوانە پارتی چەپی سۆشیالیستی نەرویجە (SV) لە ئۆسلۆ، پارتی كرێكارانی نەرویجی دەسەڵاتدارو پارتی سووری نەرویج، ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە دوو كاندیدی كورد بەناوەكانی مانی حوسەینی كاندیدی پارتی كرێكارانی نەرویجو سەحەر ئایدار كاندیدی پارتی سووری نەرویج توانیویانە دووبارە وەك ئەندامی پەرلەمانی نەرویج هەڵبژێدرێنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە