.
01:39 PM - 11/09/2025
بەڕێزان بەڕێوبەر و میدیاکار و رۆژنامەنووسانی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان
لەیادی (34) ساڵەی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاترتان بۆ دەخوام.
کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وەکو تەلەفزیۆنێکی لۆکاڵی مەودا فراوان و دواتریش وەکو کەناڵێکی ئاسمانیی، هەمیشە رۆڵی دیاری هەبووە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان بەشێوەیەکی راست و درووست و پیشەییانە و کاریگەریی بەرچاویشی هەبووە لەسەر درووستکردنی رای گشتی. هاوکات خوێندنگەیەکیش بووە بۆ پێگەیاندنی سەدان میدیاکارو رۆژنامەنووسی بەئەزموون کە لەئێستادا بەشێکیان لە دەزگا میدیاییە جیاجیاکانی دیکەی کوردستاندا کاردەکەن.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کۆردستان و خوودی سەرۆک مام جەلال بەبایەخەوە لەدوای راپەڕین کاریان بۆ دامەزراندن و پێشخستنی کردووە، لەپێناو دانانی بەردی بناغەی میدیای ئازاد و پەرەپێدانی ئاستی هۆشیاریی و رووناکبیریی کۆمەڵگەی کوردەوارییدا، هەربۆیە گرنگە لەئێستادا و بۆ لەمەودواش هەم میدیاکارانی کەناڵەکە و هەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەردەوام بن لەو هەواڵانەی بۆ پەرەپێدانی کەناڵەکە دەدرێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاریی و میدیادا بگونجێت، لەو نێوەندەشدا ئێمە وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
دووبارە پیرۆزبایتان لێدەکەم و هەمیشە سەرکەوتوو و سەرفرازبن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
11ی ئەیلولی 2025
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە