.
10:55 - 20/11/2023
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی شەھیدی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
لەپەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هاتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە ، بەڵام شەھیدخواز نییە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ کە کوردایەتی و رزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی
(۲۱ی۱۱) رۆژی شەھیدی یەکێتیی رۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
رۆژی رێبازی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب ، جەعفەر و ئەنوەر مۆری یەکێتیانەیان لێ دا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە ، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان ، تێکۆشەرانی زیندان و رێکخستنە نھێنییەکانی شۆرشی نوێ و شەھیدانی راپەڕین و رزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەمە چەشنی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید وشایەتی ئەم داستانە دوور و درێژە.
لەو رۆژەوە شار و ئاوایی ، رۆژ نییە و ساڵ نییە لە تەقویمی ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان یەکێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە ، بەڵام شەھیدخواز نییە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ کە کوردایەتی و رزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات، ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و شارستانی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان ھیچی لێ چاو نییە.
لەم رۆژە پیرۆزەشدا ھەم خەباتی ئاوەدانی درێژەپێدەدا و ھەم بەڵێن و وەفاداری بۆ رێبازی شەھیدانی بەڵێن و وەفای تاسەرە.
ھەروا پابەندێتی بە یادگارە شیرینەکانیان کە کەسوکاری شەھیدانن دووپات دەکاتەوە .
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی یەکێتیی و شۆرشی نوێ و تێکرای شەھیدانی کوردستان.
رۆحی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلال
شاد و ئاسوودە بێت.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە