کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فریال عبداللە پێشوازیكرد لە بەرێز (ساڵح گدۆ) سكرتێری پارتی چەپی دیموكراتی كورد لە سووریا

.

03:03 PM - 26/10/2020

فریال عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتیەكانی ی.ن.ك لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە (ساڵح گدۆ) سكرتێری پارتی چەپی دیموكراتی كورد لە سووریا و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال. لە دیدارێكی نێوان هەردوولادا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامان و كادیرانی بۆردی پەیوەندیە هەرێمایەتیەكانی ی.ن.ك، باسیان لە بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی كرد. لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا فریال عەبدوڵا لێپرسراوی بۆردی پەیوەندیە هەرێمایەتیەكانی ی.ن.ك ئاماژەی بە مێژووی دێرینی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و هێز و لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان كرد، بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی چەپی دیموكراتی كورد لە سووریا، ئاماژەی بە هەڵوێستی نەگۆڕی ی.ن.ك كرد سەبارەت بە پشتگیریكردن لە بزافی رزگاریخوازی كورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵدان بۆ سەرخستنی خەباتی سیاسی و دیموكراسی لەو پارچەیەی كوردستان.
لایخۆیەوە ساڵح گدۆ سكرتێری پارتی چەپی دیموكراتی كورد لە سووریا سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی كرد لەلایەن (ی.ن.ك) ەوە، تیشكی خستە سەر رۆڵ و پێگەی سەرۆك مام جەلال لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكە بە تایبەتی لە هاوكاری و پشتیوانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان، بەشێوەیەك وەك قوتابخانەیەكی سیاسی بۆ كورد سەیری دەكەن. لە بەشێكی تری قسەكانیدا ساڵح گدۆ تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە رۆژئاوای كوردستان، سوپاسگوزاری خۆشی بۆ هەڵوێستەكانی یەكێتی نیشاندا كە هەمیشە لە كاتی پێویستدا بە بیروباوەڕێكی نەتەوەییانەی پڕ لە كوردایەتی ئامادەییان هەبووە لە رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان. لە كۆتایی دیدارەكەدا فریال عەبدوڵا تەئكیدی كردەوە كە ی.ن.ك وەك هەمیشە لەگەڵ خەباتی دیموكراتی و چەسپاندنی ماف و داخوازیەكانی گەلەكەمانە،  خوازیاری سەقامگیری سیاسی و  بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاوەدانییە لە رۆژئاوای كوردستان، ئامادەیی هەموو هاوكاری و هەماهەنگی و پشتیوانیەكی بۆ سەرخستنی خەباتی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان دووپاتكردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە