کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دادگای فیدڕاڵیی لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە هەرێم كۆدەبێتەوە

.

11:06 AM - 30/04/2024

وا بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عیراق، لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

بە پێی كارنامەی دانیشتنەكان وا بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، لەسەر پێنج سكاڵا كۆببێتەوە، كە دوو لە سكاڵاكان تایبەتن بە هەرێمی كوردستان.

سكاڵای یەكەم لەلایەن جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆماركراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، داوادەكات دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار كە بەسێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە.

سكاڵای دووەم تایبەتە بەپرسی داخستنی كەمپی ئاوارەكان و نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، سكاڵاكە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولكەریم لە دژی سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری پەروەردە تۆماركراوە.

سكاڵاكار لەسكاڵاكەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق دەكات، بۆ داخستنی كەمپی ئاوارەكان كە بڕیارە تاوەكو 30ی تەموزی 2024 سەرجەم كەمپەكان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەكانی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە