ڕێبوار ستار 10:29 AM - 2026/05/31

رێبوار ستار 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی لێوانلێو لە شکۆ، شانازی و سەروەریی کەم وێنەیە، کە لە قۆناغێکی ئێجگار تەنگ و ناسۆر، پڕ لە دڵەڕاوکێ و نائومێدیی نەتەوەییدا توانی وەک ژیلەمۆ لەناو خۆڵەمێشی نسكۆدا سەرهەڵداتەوە و چرای هیوای ڕزگاری گەلەکەمان دابگیرسێنێتەوە.

لەم نێوەندە مێژووییەدا، کارەکتەری بێهاوتا، کاریزمایی و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی سەرەکی، مێژوویی و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە هەڵگیرسانەوە و زیندووکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.

ئەو وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو و پێشەنگێکی کەم وێنە توانی لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردا ئیرادەی تێکۆشان و باوەڕبەخۆبوون بگەڕێنێتەوە نێو دڵی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵک و بە داڕشتنی فەلسەفەیەکی نوێی خەبات، یەکێتی بکاتە ڕابەر و بزوێنەری سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە دژی زوڵم، ستەم و دیکتاتۆریەتی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و جارێكی تریش ئومێد بۆ نەتەوەیەكی ئومێدبڕاو بگەڕێنێتەوە.

ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال تەنها لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی و ئاستی ناوخۆیی حیزبیدا قەتیس نەبوو، بەڵکو لێهاتوویی مام وەک دیپلۆماتکارێکی بلیمەت و خاوەن دیدگا، زۆر زوو سنوورە ناوچەییەکانی تێپەڕاند و گەیشتە ئەوپەڕی دنیا، مام جەلال لە ڕێگەی کارامەیی بێوێنەی دیپلۆماسی و تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە بەهێزەکانییەوە، توانی خواست و ویست و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە قۆناغی خەباتی چەکداری و مەدەنیدا بگەیەنێتە گرنگترین سەکۆ، ناوەندە بڕیاربەدەستەکان و پایتەختە کاریگەرەکانی جیهان. ئەو بە زمانە پاراو و جیاوازەکانی،  سیاسییە قووڵەکەی و خەندە مێژووییەکەی، دەنگی مەزلوومیەتی کوردی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز کردەوە و شەرعیەت و پاڵپشتییەکی جیهانیی لەزۆر وێستگەدا بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بەدەستهێنا.

سەرۆک مام جەلال لە پرۆسەی بونیادنان و داڕشتنی سەرلەبەری فیکری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕۆڵێکی بنچینەیی و ستراتیژیی گێڕا لەوەی، کە ئەم یەكێتیە بێ وێنەیە لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ قوتابخانەیەکی مەزن و هەمیشەیی بۆ پێگەیاندنی کادیری لێهاتوو، ڕۆشنبیر و سەرکردەی خاوەن فیکر و مه‌عریفه‌. یەکێتی بەهۆی ئەو بونیاد، پەروەردە سیاسییە قووڵە و فرەدەنگییەی، کە لەسەری دامەزراوە، هەرگیز لە مێژووی دوورودرێژی خۆیدا تووشی بۆشایی سەرکردایەتی نەبووە، چونکە ئەم قوتابخانە فیکرییە هەمیشە توانای ئەوەی هەبووە لەناو جەرگەی ڕووداوە سەخت و ئاڵۆزەکاندا،  و وزە و سەرکردەی نوێ بەرهەم بهێنێت و بەردەوامی بە کاروانی شۆڕش و خزمەتگوزاری بدات.

ئەمە خوێندنگا زیندوو ە کەی مام جەلالە، کە تەنانەت دوای کۆچکردنی خۆیشی، بەهۆی ئەو میراتە بەهێزەی جێی هێشتووە، توانی ئەو وزەو هێز و فیکرە پەروەردەکراوەی گەنجان بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی تاوبدات و ئاراستەیان بکات بۆ ڕێبەرایەتیکردنی کۆمەڵگە.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە هەمان ئیرادەی پۆڵایین، ڕاشکاوی و بە دیدگایەکی نوێخواز و سەردەمیانە، ئەو کاروانە مێژووییەی سەرۆک مام جەلال و پۆلی تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتی تەواو دەکات، ئەو بە هەنگاوی شێلگیرانە و سیاسەتێکی ڕوون بەرەو دابینکردنی مافە بەدینەهاتووەکانی خەڵک، چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە کوردستان و عێراقدا پێشڕەوی دەکات تا یەکێتی وەک هەمیشە لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکدا بمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر