ڕێبوار ستار
یەکێتی لە داینەمۆی شۆڕشەوە بۆ سەنگەری هاوسەنگیی
ڕێبوار ستار
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، تەنها وەک حزبێکی سیاسی دەرنەکەوت، بەڵکو وەک وەرچەرخانێکی فیکری و ستراتیژی لە کایە هەمە جۆرەكانی خەباتدا هاتە کایەوە. لە چركە ساتی دامەزراندنییەوە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، توانی لە ماوەیەکی پێوانەییدا هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە بگۆڕێت و بونیادی ناسنامەیەکی نوێ بۆ تاکی شۆڕشگێڕ دابڕێژێت و ببێتە سەرچاوەی ئومێدی خەباتی چەكداری لە ناوچەكەدا، ئەم هێزە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال، توانی خەباتی شاخ و دیپلۆماسییەتی دەرەوەی جوگرافیای كوردستان ئاوێتە بکات و دۆزی کورد لە ئاستە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا بگەیەنێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان و سەكۆ نێودەوڵەتیەكان.
لە وێستگە مێژووییەکانی گەلی کوردستاندا، یەکێتی وەک ئەندازیاری ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەناسرێت. ئەم هێزە نەک هەر لە ڕزگارکردنی خاکدا پێشەنگ بوو، بەڵکو لە دوای ڕاپەڕینیش بووە داینەمۆی دامەزراندنی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ڕۆڵی یەکێتی لەم قۆناغەدا تەنها لە حوکمڕانیدا کورت نەدەبووەوە، بەڵکو کارەکتەرێکی کاریگەر بوو لە برەودان بە کلتور، هونەر و پێشخستنی کایە مەدەنییەکان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی فیکری کراوەی حزبەکە بوو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی.
هەر یەكێتیش لە پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بە حیكمەتی سەرۆک مام جەلال بووە کلیلی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی بەغدا. داڕشتنی دەستوورێکی فیدراڵی کە مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، بونیادنانەوەی دامەزراوە دەستوورییەکانی وەک ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری، هەموویان بەشێکن لەو میراتە سیاسییەی کە یەکێتی بۆ عێراقی نوێی جێهێشت. لەو سەردەمەدا، ماڵی مام جەلال تەنها ناوەندێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو چەترێکی نیشتمانی بوو کە هەموو دژبەیەکەکان (شیعە، سوننە، کورد و کەمینەکان) لەژێریدا کۆدەبوونەوە بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی وڵات و دوورخستنەوەی نیشتمان لە شەڕ و كاولكاریی و ماڵوێرانی.
ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە. ئەم قۆناغە بە گەڕانەوە بۆ پێگە سروشتییەکەی یەکێتی دادەنرێت وەک هێزێکی ناوەندی و کاریگەر لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا. سەرۆک بافڵ توانیویەتی بە هەمان فەلسەفەی مام جەلال، دەباشان و بەغدا بکاتەوە بە ناوەندی دانوستانە گرنگەکان.
ئێستا لە بەغدا، هیچ بڕیارێکی ستراتیژی و نیشتمانی بەبێ ڕەزامەندی و بەشداریی یەکێتی تێناپەڕێت. ئەم هێزە توانیویەتی ببێتە نێوەندگیرێکی ڕاستگۆ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا، ئەمەش وایکردووە کە یەکێتی نەک هەر وەک نوێنەری کورد، بەڵکو وەک پارێزەری سەقامگیریی سیاسیی هەموو عێراق دەربکەوێت.
ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێم و لە بەغداش، تەنها هێزێکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی نیشتمانیی هەیە کە دەتوانێت لە پرسە چارەنووسسازەکاندا متمانەی کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بەدەستبهێنێت. کاروانی نوێی ئەم حزبە بەرەو حکومڕانییەکی دادپەروەر و خزمەتگوزار هەنگاو دەنێت، تا جارێکی دیکە بسەلمێنێتەوە کە یەکێتی هەمیشە لە بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکاندا، هێزە بڕیاردەرەکە دەبێت.