ڕێبوار ستار 17/9/2023

میدیای مۆرباو؛ لە نێوان بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و کارخانەی چەواشەکاریدا

ڕێبوار ستار

لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لەژێر تەمومژێکی چڕی سیاسی و سەربازیدایە و هەموو چاوەکان لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکان، میدیاکان وەک ئامرازی سەرەکیی گەیاندنی زانیاری ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینن. لەم دۆخە هەستیارانەدا، چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە میدیاییەکان بەوپەڕی پیشەییبوون و پابەندبوون بە ئیتیکی ڕۆژنامەوانییەوە کار بکەن، تا بینەر لە ڕاستییەکان تێبگەیەنن و دوور بن لە شێواندنی ڕووداوەکان.

بەشێکی زۆر لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان، بە هەستکردن بە مەترسییەکانی ئەم قۆناغە، هەوڵ دەدەن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان خۆی لەناو جەرگەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدایە و پرشکی جەنگەکە بەر ئێمەش کەوتووە. لێرەدا ئەرکی میدیای نیشتمانی ئەوەیە کە ژیرانە ڕووداوەکان بخوێنێتەوە و پارێزگاری لە ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە بکات.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و تێڕامانە، دەرکەوتنی جۆرە میدیایەکی "مۆرباوی زەرد هەڵگەڕاوە" کە وەک باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی کار دەکات. ئەم جۆرە میدیایە، نەک هەر پابەندی پرنسیپە ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەگەری نییە، بەڵکو بەوپەڕی قین و ڕقەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکاندا دەکات. لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی ڕاستی، بووەتە دەهۆڵێک بۆ لێدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرکردەکانی و شاری سلێمانی.

ئەم کەناڵە، بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی هاووڵاتیانی سلێمانی و دەوروبەری، پەنا بۆ چەواشەکاریی بێ بنەما دەبات. ئەوان دەیانەوێت "کێچێک بکەن بە گایەک" و وای پیشان بدەن کە دۆخی سلێمانی لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە مەترسییەکان گشتین؛ ئەگەر درۆنێک هەڕەشە بێت، بۆ هەولێر و سلێمانی و هەموو شوێنەکانی تریش وەک یەکە.

سەیر لەوەدایە ئەم کەناڵە خۆی بە "یەکەمی بێ ڕکابەر" دەناسێنێت! بەڵێ، ڕاست دەکەن، ئەوان لە بەخشینەوەی تۆمەت، نانەوەی دووبەرەکی، و شێواندنی ئیتیکی پیشەیی میدیاییدا بەڕاستی بێ ڕکابەرن. ئەوەی لە کار و ستراتیژی ئەم دامەزراوەیەدا دەبینرێت، تەنها دژایەتیکردنی سلێمانی و خەڵکەکەیەتی.

لە کۆتاییدا، ئەم جۆرە گوتارە میدیاییە نەک هەر خزمەت بە پرسی کورد ناکات، بەڵکو ڕوویەکی ناشرینی میدیای بازاڕی و بێ مۆراڵ نیشان دەدات کە لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسیی تەسکدا، ئامادەیە هەموو سنوورە پیشەییەکان ببەزێنێت. میدیایەک کە خۆشی نازانێت چی دەڵێت، هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگەی متمانەی جەماوەر.

وتارەکانی نوسەر