ڕێبوار ستار 17/9/2023

گۆڕانکاری و نوێگەری لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکاندا


لە جیهانی هاوچەرخی ئەمڕۆدا، کە گۆڕانکارییەکان بە خێراییەکی بێ وێنە ڕوودەدەن، هیچ حزب یان ڕێکخراوێک ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەگەر نەتوانێت خۆی لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت و پرۆسەی نوێگەری لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی رێکخراوەیی جێبەجێ نەکات، بەڵام هاوکات شمشێرێکی دوو سەریشە، ئەگەر بە شێوازێکی زانستی و دروست بەڕێوە نەچێت، لەبری گەشەپێدان، دەبێتە سەرچاوەی هەڵە و ئاڵۆزیی کارگێڕی و ناسەقامگیریی.
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گەشەی سەردەمیانە لە جیهاندا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕانکاری، کە حزب و ڕێکخراوەکان ناچار دەکات سیستەمەکانیان نوێ بکەنەوە و شێوازی کارکردنیان بگۆڕن و فێری شێوازە نوێکان بن بۆ ئەوەی لە کێبڕکێدا بمێننەوە. ئەمەش پێویستی بە ڕابەرایەتییەکی باش و بینینێکی درێژخایەن هەیە، کە لە لایەک پێویستی بە پلان و بەرنامەی تۆکمە هەیە و لەلایەکی تریشەوە پێویستی بە بوێری و بڕوابەخۆبوون هەیە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەنگاوێکی بوێرانەی ناوە، کە ئێستا سەرۆک بافڵ سەرۆکایەتیی دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆک و هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئەم شێوازە لە نوێگەری لە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا جێبەجێ دەکەن، هەنگاوی سەرکەوتوو ئەوەیە، کە هاوکاری لە نێوان ئەنداماندا بەرز بکاتەوە و ژینگەیەک  دروست بکات کە تێیدا کادرانی حزب بتوانن بیرۆکە نوێیەکان بخەنەڕوو،  هەروەها پشتگیری گەشە و پەرەپێدانی تواناکانیان دەبێتە بنچینەی نوێگەری. لەگەڵ ئەمەشدا گۆڕانکاری دەبێت بە هەستیارانە بەڕێوە بچێت چونکە ڕەنگە هەندیک کادرو کارمەند ترس یان ناڕەزاییان هەبێت لەو گۆڕانکاریە،  بۆیە  پێویستە بەشيوەیەکی  باش ڕوونکردنەوەی ئامانجەکان  بۆ هەڤاڵان گرنگن بۆ سەرکەوتنی هەر گۆڕانکارییەک، لەمەشدا یەکێتی درێخی نەکردووە.

لە کۆتاییدا گۆڕانکاری و نوێگەری دوو توخمی  گرنگن بۆ بەردەوامی و سەرکەوتنی ئۆرگانەکان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی زیرەکانە گۆڕانکاریەکان بکرێن و ڕووحی نوێگەری تێدا پەرەپێبدەن، دەتوانن لە جیهانی پڕ لە گۆڕاندا سەرکەوتوو بن.
 یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەوە ناسراوە کە هەمیشە یەکێک بوە لەو حزبانەی لەناوچەکەدا توانیویەتی خۆی بگونجتنێت لەگەڵ سەردەم و دۆخەکاندا، هەمیشەش بەرگی نوێکاری و گۆرانکاری بەخۆیداکردۆتەوە، هەر بۆیە ئەم گۆڕانکاریانەی ئێستا لەتەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتیدا  هەنگاوێکی بوێرانە و ژیرانەیە، چونکە ئێستا یەکێتی  حزبی هەڵبژاردنە و بۆیە دەکرێت سەرلەنوێ پێداچونەوە بە ستراتیژ و ئایدیای خۆیدا دەکات تابتوانێ بەهێزترو کاریگەرتر بێت لەداهاتودا بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک بکات لەهەرێم وعێراقیش.

وتارەکانی نوسەر