ڕێبوار ستار
سەرباری کاروباری ڕێکخراوەیی و خۆسازدان و خۆ ڕێکخستنەوە بۆ تۆکمەترکردن و باشترکردنی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵک، هەم لە پێناو پاراستنی پێگەی سیاسی و جەماوەریی یەكێتی و هەمیش بۆ بەدیهێنانی فەرمایشتی مام جەلال لە پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەت بە خەڵك، بەڵام یەكێتی و سەركردایەتیەكەی هەر بەوەندە ناوەستێت و پرسی گەورەتری كردۆتە خەمی خۆی، لەو پێناوەشدا گێڕانەوەی هاوسەنگی لەناوخۆی هەرێم و بەهێزكردنەوەی پێگەی كوردیش لە بەغداد تاكە بژاردەی بەهێزیەتی، هەر ئەو هاوسەنگیەشە وایكردووە لەهەموو پرسە چارەنوسسازەکاندا کاریگەری گەورەی هەبێت لەکوردستان و عێراق، بە ئەزموونیش سەلمێندراوە هیچ پرسێک تێناپەڕێت ئەگەر رەزامەندی یەکێتی لەسەر نەبێت.
بە شایەدی دۆست و نەیار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەنگاوە راستەقینەکە دەنێت، کە بریتیە لە خزمەتکردنی خەڵک و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لەعێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی کورد لەعێراق، كە هەر ئەوەش ئەركە راستەقینەكەیە، چونكە بەهێزی زیاتر لەهەرێمی کوردستان هاوتایە بە بەهێزی كورد لە بەغداد، هەنگاوە كردارییەكانی ئەم دواییەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆتاییهێنان بەم بەستەڵەکە و كۆششكردنی بۆ پێکهێنانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە هەنگاوە سەرەكیەكانیەتی، هەروەك چۆن لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیش نزیكبوونەوە و رێككەوتن و لە یەكتر گەیشتنەكانی لەگەڵ لایەنەكان رێگای ئارامی و سەقامگیریی بەهێزتركردووە.
. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، سیستەمی سیاسی عێراق بە شێوەیەکی نوێ دامەزرا و لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا هاوسەنگییەکی نەنوسراو دروست بوو، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانە، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە، و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد دەدرێت. لەم چوارچێوەیەدا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان توانای ئەوەی هەبوو زۆربەی جار کاندیدی سەرۆک کۆمار پێشکەش بکات و بە رێككەوتن بێت یان ركابەری هەر بردویەتیەوە، وا ئەمڕۆش نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسیە کوردی و عێراقییەکان لەپێناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە گرنگە لەعێراق، سەرەكیترین ئەركی ئەو قۆناغەیە، یەکێتی و سەرۆک بافڵ زۆر لەهەوڵی ئەوەدان کە کورد بەیەک هەڵوێستی و یەکدەنگی بەرەو بەغداد بڕوات بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو پرسە کە مافێکی رەوای کوردەو لەنێویدا مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەربۆیە ئەم رێگە راستەی یەکێتی هەڵیبژاردوە و کاری جدی لەسەرئەکات تابتوانرێت بەزووترین کات هەردو حکومەتی هەرێم وعێراق پێکبهێنرێت و تاپێکەوە باشترین خزمەت بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراق بکرێت، چونکە خەڵک ئێستا لەدۆخێکی ناسەقامگیر و دڵەراوکێی دۆخی ئابوری سیاسیدان و هەموو زومی کامێراکان ڕوو لەهەوڵەکانی سەرۆک بافڵ و یەکێتین تا عێراق لەم چەق بەستوویە رزگار بکات.
ئەم كاریگەرییەی یەكێتی و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەتایبەت پاش ئەوەی كۆشكی دەباشان كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆك بافڵ و تۆم باراك و دواتریش مەزڵوم عەبدی تێدا ئەنجامدرا، سەلماندی كە لەسەر رێگاكەی مام جەلال ـ ی رابەر سلێمانی وەك چەقی كوردایەتیەكی مۆدێرن و دەباشانیش وەك ناوەندێكی گرنگی بڕیاری سیاسی بۆ كوردستان و عیراق هەر لە گەشە و باڵابووندایە.