عیماد ئەحمەد 09:15 PM - 2026/11/26

عیماد ئەحمەد

جاران، زەوییە بەپیتەکە بەر ئاغا دەکەوت، نۆرەی یەکەمی ئاویش هەر بۆ ئەو بوو. جوتیار دەیزانی بەشەئاوەکەی چەندە، بەڵام تا ئاوەکە دەگەیشتە سەر کێڵگەکەی، کەمێکی لێ دەمایەوە. 
ئەمڕۆ کە دەڕوانمە هەندێک لە ناکۆکییەکانی بەغدا و حکومەتی هەرێم، ئەو وێنەیەم دێتەوە بەرچاو. دەستوور بەشی هەر لایەک دیاری دەکات، بەڵام کە دەگاتە جێبەجێکردن، زۆر جار هاوسەنگیی هێز بڕیار دەدات کێ چەندی بەر بکەوێت.

ئەو بڕیارانەی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا دای، ئەم پرسەیان دیسانەوە هێنایە پێشەوە. بابەتەکە بە لێکۆڵینەوە لە جورف سەخر و بە قاچاخ بردنی نەوت لە ئەوێوە بەرەو هەرێم دەستی پێ کرد. بڕیارەکانی زەیدی بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگە نەوتییانەش دەگرێتەوە کە پێشمەرگە ئاسایشیان دەپارێزێت، هەروەها باسی سپاردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە هێزێکی هاوبەشی هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی دەکات. ئەگەرچی دوای ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی، لایەنە سەرەکییەکانی عێراق هەم چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و هەمیش چوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق جەختیان لەسەر گفتوگۆ لە سەر بنەمای پشت بەستن بەدەستور کردەوە کە ئەمەش دەرفەتێکی بەخشی بۆ هەردوو حکومەت تا پێش هەر هەنگاوێک زبر بە نەرمی لەسەر ڕێگای چارەسەر ڕێک بکەون.

بابەتی بەقاچاخبردنی نەوت زیان بە خەڵکی کوردستان و سەرانسەری عێراق دەگەیەنێت. جا هەر کەسێک دەستی تێدا هەبێت و لە هەر پلە و پایەیەکدا بێت، دەبێت لەبەردەم دادگادا وەڵام بداتەوە. بەڵام ئەوە ناکرێت بکرێتە پاساو بۆ لێدان لە پێگەی دەستوری هەرێم چونکە ڕێگای ڕاست ڕێزگرتنە لە ماف و ئەرکەکە دەستوریەکان و دەکرێت لەم پێناوەشدا حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بەیەکەوە هەماهەنگی و هاوکاری بکەن بۆ بەگژداچونەوە تۆڕەکانی بە قاچاخبرنی نەوت وەکو چۆن هەماهەنگی دەکەن لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزمدا.

عێراق مێژوویەکی درێژی حوکمڕانیی ناوەندی و تاکڕەوی و دیکتاتۆریەتی هەیە. بە بەراورد لەگەڵ ئەو مێژووە، فیدراڵیزم و دیموکراسی هێشتا ئەزمون و نەریتێکی گەنجن. ئێمە دەستوورێکی نوێمان نووسی و زۆرینەی دەنگدەران لە ڕیفراندۆمدا دەنگیان پێ دا. بەڵام لەمێژوی دروستبونی عێراقەوە ساڵانێکی زۆر هەر فەرمان بەمەرکەزی لە بەغداوە هاتووە و هەمووان جێبەجێیان کردووە. گۆڕینی ئەو نەریتە زۆرە لە عەقلی مەرکەزی و ڕاهاتن لەگەڵ پرینسیپ و چەمکەکانی دەوڵەتی ئتیحادی کاتی دەوێت. لە چەندین ماددەی دەستووردا هاتووە «بە یاسا ڕێک دەخرێت». گرفتەکە ئەوەیە هەر جارێک دەرچوونی یەکێک لەو یاسایانە دوا کەوتبێ، بۆشاییەک ماوەتەوە و هەر لایەنێکیش، بە قەد هێزی خۆی، هەوڵی داوە ئەمری واقع دروستبکات و بە قازانجی خۆی پڕی بکاتەوە.

بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستوور، حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، بە هاوبەشی نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگە بەردەستەکان بەڕێوە دەبات. ماددەی ١٢١یش ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لەوانە پاسەوانی هەرێم، بە هەرێم دەسپێرێت. 
هەر یەک لەم پرسانە ڕێگای چارەسەری خۆی هەیە. نەوت و گاز یاسایەکی ڕوونیان دەوێت. لەسەر بەشی هەرێم لە بودجە و خەرجیی پێشمەرگە، دەبێت هەردوو حکومەت بگەنە ڕێککەوتنێک و پێی پابەند بن. دەستوور هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠یشی دیاری کردووە و خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان هێشتا چاوەڕێن ئەو هەنگاوانە تەواو بکرێن.

ئایا هەموو کێشەکە لە بەغدایە؟ 

بە بڕوای ئێمە، بەشێک لەوەی ئەمڕۆ دەیبینین دەرئەنجامی سیاسەت و هەڵسوکەوتی خۆمانە. کاتێک بۆ داهاتی یەک هەرێم دوو ژمارەی جیاواز دەخەینە بەردەم بەغدا، خۆمان قسەی یەکتر لاواز دەکەین. بەوەش کاری ئەو لایەنانە ئاسان دەکەین کە دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەسەر هەرێمدا بسەپێنن. ڕێکخستنەوەی ناوماڵ لەوەوە دەست پێ دەکات کە خەڵک بزانن داهاتی هەرێم چەندە و لە کوێ خەرج دەکرێت. زیادکردنی داهات، ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی پارەی گشتی و هەژمارێکی ڕوون لەبەردەم خەڵکدا، هەموویان بە دەستی خۆمان دەست پێ دەکەن. بەم ڕێگایە دەسەڵات دەتوانێت متمانەی خەڵکی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

لێرەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی هەیە. یەکێتی بەردەوام جەختی لەسەر گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستوور کردووەتەوە. ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دژایەتیی خۆی بەرامبەر بە هاتن یان هەر جوڵەیەکی نادەستوری سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و دەرگای گفتوگۆی پێکەوەیی لەگەڵ پارتی بە قازانجی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و قانونی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووەتەوە. ئەو دەستپێشخەرییە هەموو لایەنەکان، بە گەورە و بچووکەوە، دەگرێتەوە. ئەگەر بڕیارە وەفدێک بە ناوی هەرێمەوە بچێتە بەغدا، پێویستە پێشتر لێرە گوێ لە هەمووان بگیرێت. ئەوسا وەفدەکە دەزانێت لەسەر چی دەتوانێت ڕێک بکەوێت و کەی پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ڕاوێژ.

لە سیستەمێکی فیدراڵیدا ناکۆکی دروست دەبێت. ئەرکی ئێمەیە بە سەبر و دانایی چارەسەری بکەین، پێش ئەوەی نرخەکەی بکەوێتە سەر شانی مووچەخۆرێک کە بژێوی ماڵەکەی بەو مووچەیەوە بەستراوە، یان پێشمەرگەیەک کە لە شوێنی خزمەتەکەی چاوەڕێی بڕیارە.

ئەم هەرێمە بە خوێنی هەزاران شەهید، بە ئارەق و ماندووبوونی هەزاران پێشمەرگە و تێکۆشەر و بە فیداکاریی خەڵکی کوردستان هاتووەتە دی. ئەمانەتێکە لە ئەستۆی هەموومان. پاراستنی ئەو ئەمانەتە ئەمڕۆ لەوەوە دەست پێ دەکات کە لێرە لە دەوری یەک مێز کۆ ببینەوە، لەسەر ماف و ئەرکەکانمان ڕێک بکەوین و بە یەک دەنگ بچینە بەغدا بۆ بەرگری لەماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمەکەمان و گەلەکەی.
بۆ ئەو جوتیارەی جاران بەشەئاوەکەی خۆی دەزانی، بەڵام نۆرەی ئاو بە دەستی ئەو نەبوو، ئێمە دەستوورێکمان بۆ ئەوە دانا کە مافی هیچ لایەکێک بە ویستی لایەنێکی دیکەوە نەبەسترێتەوە. بەرپرسیارێتیی هەولێر و بەغدا ئەوەیە بە کردەوە نیشانی بدەن کە دەستوور بڕیار دەدات کێ چەندی بەر دەکەوێت.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیان بە دیپلۆماسی و حیکمەتی سەرکردایەتی سیاسی و حکومرانی هەرێمی کوردستان هەیە. جوتیار کە نۆرەی ئاوی دێت، چاوی لە سەرەوەی جۆگەکەیە تا بزانێت چەند ئاو دەگاتە کێڵگەکەی. خەڵکی کوردستانیش چاویان لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیەی نێوان بەغداد و هەولێرە.  تا بزانن لەو مافانەی دەستوور بۆیانی دیاریکردووە، چەندیان پێ دەگات.

وتارەکانی نوسەر