عیماد ئەحمەد
هەندێک جار لەبەر پەنجەرە دادەنیشم و سەیری درەختێک دەکەم. گەڵایەک لە لقەکەی جیادەبێتەوە و بەهێواشی دەکەوێتە سەر زەوی. چۆلەکەیەک بەدوای دانەیەکدا دەگەڕێت و منیش بەدوای مانای ئەو ساڵانەدا کە تێپەڕین. درەختەکە گەڵای خۆی بە خاک دەسپێرێت، باڵندەکە بژێوی رۆژی خۆی دەدۆزێتەوە و من لە خۆم دەپرسم: ژیان چییە؟ ئەو ماوەیەیە کە دڵمان لێدەدات، یان ئەوەی لە دڵی یەکتردا بەجێی دەهێڵین؟
لە منداڵیدا، دنیا بۆ من ژوورێکی بێ پەنجەرە و ماڵێکی قوڕ و کۆڵانێکی تەسک و باریک و دەنگی دایکم بوو.
نانێکی گەرم، یارییەک و دەستێک کە لە تاریکیدا دەیگرتم، بەس بوون بۆ دڵنیایی. پرسیاری مانای ژیانم نەدەکرد، دەژیام، وەک گوڵێک کە بەبێ ناسینی ناوی بەهار دەپشکوێ.
لە روانگەی هەرزەکاریمەوە، خانەقین بۆ من یۆنانی کۆن بوو، کارێز و ئەرکەواز، رۆمای کاک جەبار فەرمان بوون، جەلەوەش ئەسینای من بوو.
گەنجی کە هات، خەونەکانمان لە کۆڵانەکە گەورەتر بوون. واماندەزانی تەمەن بەشی هەموو ئارەزووەکانمان دەکات. خۆشەویستی و خەبات و سەرکێشی تێکەڵ بوون، هەندێک جار پێش ناسینی رێگاکە کەوتینە رێ. ئێستا دەبینم تەنانەت خەونە بەدینەهاتووەکانیش هێزی رۆیشتنمان پێدەبەخشن.
دواتر، نانی ماڵ و چارەنووسی منداڵەکان و بەرپرسیارێتیی کار فێری ئەوەیان کردین کە بڕیارەکانمان بە ژیانی ئەوانی دیکەشەوە بەستراون.
ساڵان کە تێپەڕین، وردەکارییەکان لەلامان بایەخی زیاتریان پەیدا کرد: سڵاوێکی بەیانییان، دەنگی هاوڕێیەکی دێرین، پێکەنینی نەوەیەک. تەمەن پرسیارەکانمان دەگۆڕێت، لە «کەی گەورە دەبین؟»ەوە دەگەینە «چیمان بەجێهێشتووە؟» بەڵام هیچ تەمەنێک لە خۆشەویستی و فێربوون بەتاڵ نییە.
هەر کەسێک لە پەنجەرەی باوەڕ و بیرکردنەوەی خۆیەوە سەیری ژیان دەکات. کە بە بیرەوەریدا دەگەڕێمەوە بۆ جەلەوە و کەناری ئەڵوەن، ئەو دیدە جیاوازانە رووخسار و دەنگی ئاشنا وەردەگرن.
دایکی سەی جاسم، ژیان بە ئەمانەتی خودا دەزانێت، محەمەد سایەخان ماناکەی لە ئازادی و دیموکراسیدا دەدۆزێتەوە، حەمید رەعنا باس لەوە دەکات کە عەلمانیەت گرنگی بە ماف و پێکەوەژیان دەدات و سۆشیالیزم پرسیاری نان و دادپەروەری دەخاتە بەردەممان.
دەروێش باوەخانیش لە گۆشەنیگای سۆفێتییەوە سەیری ژیان دەکات و لە پاککردنەوەی ناخ و خۆشەویستیدا رێگای نزیکبوونەوە لە خودا دەبینێت. هەر یەکێک لەم دیدانە پرسیارێک لە ناخمدا دەورووژێنن. منیش لە خۆم دەپرسم: ئەم تێڕوانینە چەندە یارمەتیم دەدات باشتر بژیم و ژیانی ئەوانی دیکەش باشتر بکەم؟
بە بڕوای من، مافی ژیان پێش هەموو ئەرکێک دێت. منداڵ پێویست ناکات شایستەبوونی خۆی بسەلمێنێت تا بپارێزرێت، نەخۆش و بەساڵاچوو و ئەو کەسەی توانای کاری نییە، بەهای ژیانیان کەمتر نییە، بەڵام بەتەنیا ناژین، نان و ئاو و ئاسایشمان بە یەکترەوە بەستراون. بەرپرسیارین مافی یەکتر بپارێزین و ژیان لە یەکتر تاڵ نەکەین.
بە وەرگرتن دەست بە ژیان دەکەین، شیر و گەرمی و زمان و خۆشەویستی وەردەگرین. دواتر فێری بەخشین دەبین: نانێک، کاتێک، گوێگرتنێک، وشەیەک بۆ ئارامکردنەوەی دڵێک. رۆژێکیش خۆمان پێویستمان بە دەستێک دەبێت. یارمەتی وەرگرتن لە شکۆمان کەم ناکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت خۆمان لەبیر بکەین، ئێمەش مافی پشوودان و شادی و خەونی خۆمان هەیە.
بیرەوەری زۆر شتمان بۆ دەپارێزێت. دەنگێک خامۆش دەبێت، بەڵام لە ناخماندا دەمێنێتەوە، وێنەیەک ون دەبێت، کەچی رووخسارەکانی ناسڕێنەوە. هەندێک جار بۆنێک بەسە تا دەرگای ماڵێکی کۆن لە دڵماندا بکرێتەوە، بەڵام نابێت رابردوو هەموو پەنجەرەکانمان داگیربکات. دەتوانین یادی رۆیشتووەکان بکەینەوە و دەستی ئەوانە بگرین کە لە تەنیشتمانن. خۆشەویستییەکەیان بەو شێوەیە لە کردارماندا بەردەوام دەبێت.
هیواش هەر لێرەوە سەر هەڵدەدات. دارێک دەنێژین کە رەنگە لە سێبەرەکەیدا دانەنیشین، وشەیەک دەنووسین کە رەنگە دوای ئێمە بگاتە دەستی خوێنەرێک. هەندێک جار هیوا تەنیا ئەو بڕیارە بێدەنگەیە کە سبەی هەستینەوە و کارێکی ناتەواو تەواو بکەین.
ئەم زەوییەش تەنیا ماڵی ئێمە نییە. ئاژەڵ ئازار دەچێژێت و بەدوای ئاسایشدا دەگەڕێت، رووەک بە ئاو و خاک و رووناکی گەشە دەکات. ڕووبارێک کە وشک دەبێت، ماڵی ماسی و شوێنی ئاوخواردنەوەی باڵندە و سەرچاوەی ژیانی دارێکیش لەگەڵ خۆیدا دەبات. ئەڵوەن بۆ من هەم بیرەوەرییە، هەم رووبارێکە کە ژیانی زۆر بوونەوەری پێوە بەستراوە.
دووبارە سەیری درەختەکە دەکەم. گەڵاکە لەسەر خاکە و چۆلەکەکە لەسەر لقێک نیشتووەتەوە. هێشتا پێناسەیەکی تەواوم بۆ ژیان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام دەزانم چۆن دەمەوێت ئەوەی لە تەمەنم ماوە بژیم: کەمتر پەلە لە حوکمدان بکەم، زیاتر گوێ بگرم، خۆشەویستی بۆ سبەی دوا نەخەم و بارێک لەسەر شانی مرۆڤێک سووک بکەم.
رەنگە رۆژێک ناوی ئێمەش لە یاد بچێتەوە، بەڵام ئەو کەسەی دەستمان گرتووە، دەستی کەسێکی دیکە بگرێت. حەز دەکەم بەشێک لە ژیانم بەو شێوەیە بەردەوام بێت.