عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
دوای نسکۆی ١٩٧٥، پرسیارێک لە دڵی خەڵکی کوردستاندا مابووەوە: دوای ئەو هەموو قوربانییە، ئایا هێزی ئەوەمان ماوە جارێکی دیکە هەستینەوە؟ لەو ماڵانەی کوڕێکیان شەهید بووبوو، ئەو پرسیارە قورستر بوو. دایکێک کە گوێی لە ناوی کوڕە شەهیدەکەی دەبوو، بیری دەچووەوە بۆ ئەو ڕۆژەی خۆی ئەو ناوەی لێ نابوو. بەشێک لە مێژووی خەباتی کورد لە یادەوەریی ئەو دایکانەدا پارێزراوە.
بۆچی ڕۆژی لەسێدارەدانی سێ سەرکردەی کۆمەڵەمان«شەهاب، جەعفەر و ئەنوەر » بۆ ڕۆژی شەهیدی یەکێتی هەڵبژارد؟چونکە هەر یەکەیان لەشارێک بوون؛ سلێمانی و کۆیە و کەرکووک، سێ سەرکردە لە سێ توێژی جیاوازی کۆمەڵگە، لە سەختترین ڕۆژانی دوای نسکۆدا، بەرامبەر بە ڕژێمی دیکتاتۆری ڕاوەستان. بە هەڵوێستی خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە کە لە دڵی خەڵکدا مابووەوە. دروشمی «کەم بژی و کەڵ بژی» لە ژیانی کورتی ئەواندا مانای خۆی دۆزییەوە و بوونە سەرقافڵەی شەهیدانی سەرکردایەتیی شۆڕشی نوێ. لە ماڵی هەر یەکێکیشیان، کەسێکی ئازیز کەم بووەوە.
لە یەکی حوزەیرانی ١٩٧٦، شۆڕشی نوێی کوردستان دەستی پێ کرد. لەوانەی ڕێگای شاخیان گرتە بەر، کەسانێک هەبوون هاوڕێیەکیان لە سێدارە یان لە زیندان لەدەست دابوو. هەندێکیش لە شار مانەوە و بەردەوام بوون لە کاری ڕێکخستن. لە کاری نهێنی و شۆرشدا، کە هاوڕێیەکمان شەهید دەبوو، جێگاکەی بە ئاسانی پڕ نەدەبووەوە؛ ئەو خەڵکی کۆڵان و دێهاتەکەی دەناسی، خەڵکیش ئەویان دەناسی و دەرگایان بۆ دەکردەوە. ئەوەی دوای ئەو کارەکەی دەگرتە ئەستۆ، دەبوو بە ڕاستگۆیی خۆی هەمان متمانە بەدەست بهێنێت. ڕاستگۆیی هاوڕێیەکی شەهید بەم جۆرە دەبووە پێوەری ڕەفتاری ئەوانەی دوای ئەو دەمێننەوە.
شێرکۆ بێکەس لە شیعری «شەهید»دا دەڵێت:
«شەهید ئاوە
تینوێتیی زەوی ئەشکێنێ.»
خەڵکی کوردستان دوای نسکۆکە تینووی هیوایەک بوون کە بتوانن پشتی پێ ببەستن. هەڵوێستی ئەو سێ شەهیدە هیوای هەستانەوەی لە دڵی خەڵکدا زیندوو کردەوە. ئاو کە دەچێتە دڵی خاکەوە، ماوەیەک دواتر شوێنەواری لە سەوزبوونی تۆوێکدا دەبینین. شوێنەواری ئەوانیش لەو گەنجانەدا دەرکەوت کە ڕێی خەباتیان گرتەبەر، لەو ماڵانەدا کە دەرگایان بۆ پێشمەرگە کردەوە و لەو کەسانەدا کە لە ناو شارەکان کاری نهێنییان بەردەوام کرد.
لە ئاداری ١٩٩١، خەباتی شاخ و کاری نهێنیی ناو شار لە شەقامەکانی کوردستانی باشوردا گەیشتنە یەک. دایک و باوک و برا و خوشکی شەهیدانیش لە نێو ڕاپەڕیواندا بوون. ئەوەی ساڵانێک لە ترسی ڕژێم بە چرپە دەگوترا، ئەو ڕۆژە شارێک بە دەنگی بەرز دەیگوت. بۆ دایکێکی شەهید، ئەوە دەنگی خەڵکێک بوو داوای هەمان ئازادییان دەکرد کە ڕۆژێک کوڕەکەی لە پێناویدا ژیانی بەخت کردبوو.
کوردستان پێش شۆڕشی نوێش شەهیدی زۆری دابوو، ڕاپەڕین بەری خەباتی چەند نەوەیەک بوو. هەر بۆیە لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتیدا، کە سەر بۆ ئەو سێ شەهیدە دادەنوێنین، یادی شەهیدانی هەموو کوردستان دەکەینەوە.
ساڵێک دوای ڕاپەڕین، لە ١٩٩٢، ئەو هاووڵاتییەی تا دوێنێ لە ترسی حکوومەت بیروڕای خۆی دەشاردەوە، چووە سەر سندووقی دەنگدان و نوێنەری خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژارد. پەرلەمان دامەزرا و حکوومەتی هەرێم پێک هات. بۆ خێزانێک کە ئازیزێکی لە پێناو ئازادیدا لەدەست دابوو، ئەو دەنگە مانایەکی تایبەتی هەبوو؛ دوای ئەو هەموو ساڵە، خۆشی بەشدار بوو لە دیاریکردنی ئەوانەی وڵات بەڕێوە دەبەن. پاراستنی ئەو دەستکەوتە ئەمڕۆش پێوەرێکی ڕوونی هەیە: پەرلەمان چەندە دەتوانێت حکومەتێکی کارا و شەفاف و جێی ئومێدی خەڵک پەسەند بکات و لە حکوومەت بپرسێت و خەڵک چەندە دەتوانن لە هەردووکیان بپرسن؟
سەرۆک مام جەلال دەیزانی نسکۆکە چ زامێکی لە دڵی خەڵکدا بەجێ هێشتووە، باوەڕی بەوەش هەبوو کە هەر ئەو خەڵکە دەتوانن هەستنەوە. گەشبینییەکەی لەوەدا دەردەکەوت کە هەنگاوی یەکەمی بۆ کاری هاوبەش دەنا، تەنانەت بەرەو ئەو کەسەی دوێنێ لەگەڵی ناکۆک بوو؛ لەگەڵی دادەنیشت و گوێی لێ دەگرت. ئەمڕۆش یەکێتی پێویستی بەو دڵفراوانییە هەیە.
لە ڕۆژگاری شۆڕشدا، خەڵک دەرگای ماڵەکانیان بۆ پێشمەرگە دەکردەوە. ئەمڕۆ کە خەڵک ڕوو لە دامەزراوەکانی هەرێم دەکەن، مافیانە دەرگایان بۆ بکرێتەوە، گوێیان لێ بگیرێت و وەڵامێک وەربگرن. بۆ فەرمانبەرێک کە بە مووچەکەی ماڵ بەڕێوە دەبات، چاکسازی لەوەوە دەست پێ دەکات کە دڵنیا بێت لە کۆتایی مانگدا بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە ماڵەوە. مسۆگەرکردنی مووچە و بەشی هەرێم لە بودجە، پەیوەندییەکی جێگیر لە نێوان هەولێر و بەغداد دەخوازێت. لەبەردەم مەترسییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهاندا، یەکێتی بەرپرسیارێتیی ئەوەی هەیە لایەنە کوردستانییەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە و بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە بچێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد.
لە ڕۆژی شەهیددا، کە ناوەکانیان دەخوێنینەوە، با لە خۆشمان بپرسین: «ئەوان ژیانیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد؛ ئێمە ئەو ئازادییە چۆن دەپارێزین و داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکانیان مسۆگەر دەکەین؟»
ئەو چرایەی لە ڕۆژگاری نائومێدیدا هەڵکرا، خەڵک مافیانە ئەمڕۆ ڕووناکییەکەی لە ماڵی خۆیاندا ببینن.