عیماد ئەحمەد
زۆر جار سەیری وێنە کۆنەکانی خۆم دەکەمەوە، لە چاوانی ئەو گەنجەدا بریسکەیەک هەیە کە دەیناسمەوە. دەیان ساڵ لە نێوانماندایە، رێگایەکی دوور، رووخساری زۆر و رۆژانێک کە هەر یەکەیان شوێنەوارێکی لە دڵ و دەروونمدا بەجێ هێشتووە. لە خەیاڵمدا، گەنجەکە لە وێنەکەوە دێتە دەرەوە و لە تەنیشتم دادەنیشێت. سەیری رووخسارم دەکات و دەڵێت: «ئەو هەموو ساڵە تێپەڕیوە، خەونەکانمان چییان بەسەر هات؟» پێش ئەوەی وەڵامی بدەمەوە، وێنەیەکی دیکە دێتە بەرچاوم، وێنەیەک کە دەستم پێی ناگات، بەڵام هەرگیز لە یادم ناسڕێتەوە.
کۆتایی پایزی ساڵی 1977 بوو. لە چوارەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە باوەمەحمی، لەگەڵ سادق شەریف و مامۆستا جەعفەر، سێقۆڵی پێکەوە بووین. ئێمە، لەگەڵ مامۆستا موحسین و دڵشاد مەولوود، ئەندامی هەرێمی پێشڕەوی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی بووین.
ئای داهاتوو، چەندین گیانی گەرمی رابردوو لەپێناوی تۆدا سارد بوونەوە، کەچی هێشتا دوورەدەست دەنوێنیت!
خەڵک خەریکی جەژن بوون، هەندێک بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا هەڵدەپەڕین، هەندێکیش لەگەڵ کەسوکار و دۆستانیان سفرەیان راخستبوو. منداڵان لەنێو باخەکەدا یارییان دەکرد. خشپەی گەڵای دارەکان و خوێندنی باڵندەکان لەگەڵ ئاواز و پێکەنین و قیژەی منداڵان تێکەڵ دەبوون، بەڵام ئاسمان خۆڵاوی بوو، نەمدەزانی ئەو تەم و تۆزە لە خەمی مەینەتیی خەڵکی شارەکەمەوە هەستابوو، یان پەردەیەک بوو بۆ شاردنەوەی عەیب و عاری دەسەڵاتی بەعس!
ئێمەش، سێ گەنجی خوێنگەرم و چاونەترس، لەنێو ئەو دەنگ و رەنگەدا گفتوگۆمان لەسەر خەبات بۆ گەل و نیشتمان دەکرد.
سادق و مامۆستا جەعفەر دەبوو بەرەو قەرەداغ، بۆ لای کاک ئارام بڕۆن و پەیوەست بە شۆڕشی نوێوە ببن، منیش لەگەڵ هاوڕێیانی دیکە لە شار بمێنمەوە و کاروباری رێکخستنی هەرێمی پێشڕەو سەرلەنوێ رێکبخەینەوە. خەونی رۆژێکمان دەبینی کە گەلەکەمان بە ئازادی جەژن بگێڕێت.
هەر لەوێ، لە مەزاری باوەمەحمی، ساڵح باجەلان بە کامێراکەی ساتێکی لە گفتوگۆکەمان تۆمار کرد. رێگاکانمان بە رواڵەت لە یەکدی جیادەبوونەوە، بەڵام هیوایەک کۆی دەکردینەوە: بتوانین رۆژگاری خەڵک و نیشتمانمان بگۆڕین.
ئەو وێنەیەمان لەگەڵ هەندێ شتی دیکە لەژێر خاک شاردبوویەوە، بەڵام تا ئێستاش دەستم نەکەوتووەتەوە. حەسرەتی بینینەوەی هەر لە دڵمدایە، دەمەوێت جارێکی دیکە لە رووخساری هاوڕێکانم ورد ببمەوە و خۆم لە نێوانیاندا ببینمەوە.
گەنجەکەی تەنیشتم دەپرسێت: “ئەگەر وێنەکە بدۆزیتەوە، چی بەو سێ گەنجە دەڵێیت؟”
دەڵێم: «قەدری یەکتر بزانن. رۆژێک دێت، حەسرەتی دانیشتنێکی سادە و بیستنەوەی دەنگێکی ئاشنا دڵتان پڕ دەکات.»
دەڵێت: «ئەی خەونەکانمان»؟
دەڵێم:»هەندێکیان هاتنەدی، هەندێکیش ناتەواو مانەوە. زۆر شت فێر بووین، لەوەی کردمان و لەوەی دەبوو بیکەین و نەمانکرد. بەڵام هێشتا کاتێک گەنجێک دەبینم بە دڵسۆزییەوە کار دەکات، هەست دەکەم ئەو هیوا کۆنە لقێکی تازەی کردووە».
پێدەکەنێت و دەڵێت: «کەواتە، ئەوەی لە یادتە بینووسە. تۆ هێشتا دەتوانیت شتێک بۆ ئەوانەی دێن بەجێ بهێڵیت.»
مۆبایلەکەم هەڵدەگرم و دەست بە نووسین دەکەم. باوەمەحمی و ئەو رۆژەی کۆتایی پایز دێنەوە ناو ژوورەکەم. ساڵح باجەلان کامێراکەی ئامادە کردووە و ئێمەش سەرقاڵی گفتوگۆین. لەسەر ئەم پەڕەیە هەرسێکمان جارێکی دیکە پێکەوەین، باوەڕمان بە داهاتوو هەیە و وامان دەزانی ئەوەندە نزیکە، دەستمانی بۆ درێژ بکەین، پێی دەگەین.
کەچی لە ناخی خۆمدا رادەچڵەکێم، سادقی سادق دەستی لە دامێنی ئەم ژیانە بەرداوە. تەنیا بیست رۆژ دوای پەیوەستبوونی بە شۆڕشی نوێوە، گیانی نەسرەوتووی بە نیشتمان بەخشیوە. لە وێنەکەی یادمدا هێشتا قسە دەکات، منیش، دوای ئەو هەموو ساڵە، گوێم لە دەنگیەتی.
ئای داهاتوو، چەندین گیانی گەرمی رابردوو لەپێناوی تۆدا سارد بوونەوە، کەچی هێشتا دوورەدەست دەنوێنیت!.