د.كەریم شەریف قەرەچەتانی 11:56 AM - 2026/11/25

كچێكم تەمەنم (22) ساڵە، لە قۆناغی سێیەمی كۆلێژم، لە بنەماڵەیەكی خوێندەوار و رۆشنبیرم و هەموو براكانم كۆلێژی بەرزیان تەواو كردووە و باوكیشم ئەندازیارە، سێ برام هەیە و هیچ خوشكم نییە، بە دەست گرفتێكەوە دەناڵێنم ئەویش ئەوەیە: كاتێ لەگەڵ خەڵك رووبەڕوو دەبمەوە، چ كچ بێت یان كوڕ، یاخود كاتێ بە تەلەفۆن قسە دەكەم ترس و شەرمێكی زۆر دامدەگرێ، وام لێهاتووە بە هیچ شێوەیەك حەز ناكەم لەگەڵ كەس بدوێم، هەندێ جاریش ئەگەر لەگەڵ كەسێك گفتوگۆ بكەم، زۆر بەخێرایی قسە دەكەم، وەك بڵێی دەمەوێ كارێكی خێرا ئەنجام بدەم، ئەوانەی لەگەڵیاندا دەژیم، چ لە كۆلێژ، چ لەماڵەوە بە كەسایەتییەكی گۆشەگیرم لە قەڵەم دەدەن، هەندێكیشیان بە لووتبەرز و لەخۆبایی تاوانبارم دەكەن، حەز بە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی كەس ناكەم. ئایا من مرۆڤێكی نەخۆشم؟ بۆ زانیاریی بەڕێزتان زۆربەی كات باوكم و براكانم گاڵتەیان پێدەكردم و بەردەوام پێیان دەوتم تۆ (زەعیفەیت) و نابیت بە هیچ، منیش بەردەوام لە ژوورەكەی خۆم دەگریام و نەمدەزانی چی بكەم، كەس نەبوو قسەی بۆ بكەم، تەنیا دایكم هەبوو، ئەویش لە من خراپتریان پێدەكرد ئەو خێزانەی ئێمە و هەموو خزمەكانمان زۆر بە چاوی كەم سەیری ژنیان دەكرد.

خوشكی زێدە ئازیز (سەوسەن ك./ هەولێر):
شەرم دیاردەیەكی دەروونییە و لەلای هەموو كەسێك هەیە و گرنگی خۆی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، واتە ئەگەر شەرم نەبوایە ئەوا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوام نەدەبوون، رۆژانە هەزارەها گیروگرفت و كێشەی كۆمەڵایەتی دروست دەبوو، كەواتە زۆر پێویستە منداڵ شەرم لە باوكی و گەورە بكات و زۆر قسە و هەڵسووكەوت هەیە نابێت لەبەر چاویان بیكات، هەروەها پێویستە قوتابی شەرم لە مامۆستا و بچووك شەرم لە گەورە بكات، چونكە هەر رۆڵ و پلە و پایەیەك جێگا و شوێنی گونجاوی خۆی لەناو كۆمەڵدا هەیە، كە ئەمەش بووە بە بەشێك لە داب و نەریت و بەهای كۆمەڵایەتی ئێمە، بەڵام دەبێت ئەو شەرمكردنە بە رێژەیەكی گونجاو بێت و زیادەڕەوی تێدا نەبێت، واتە دەبێت مام ناوەندی بێت، چونكە ئەگەر كەم بوو ئەو كەسە چاو قایم و بێ شەرم بوو، یان زۆر شەرمن بوو، ئەوا لە رێژەی گونجاو دەرچووە و گرفت بۆ خاوەنەكەی دروست دەكات شەرم (حەیا)كێشە نییە، بەڵكو شەرمنی (خجل) كێشەیە.
تۆ دەڵێیت من لە بنەماڵەیەكی خوێندەوار و  رۆشنبیرم، راستە تۆ لە خێزانێكی خوێندەواریت، بەڵام بەداخەوە لە خێزانێكی رۆشنبیر نیت، خوێندەواری و بڕوانامە و كۆلێژی بەرز بە تەنیا مرۆڤ ناكات بە رۆشنبیر، بەڵكو دەیكات بە خوێندەوار و تەنیا لە بوارێكدا پسپۆڕی وەردەگرێت، رۆشنبیریی مانای ئەوەیە كە مرۆڤ لە بوارێكدا پسپۆڕی هەیە و لە بوارەكانی تریشدا شارەزایی هەیە و لە توانایدا هەیە دیاردە نەرێنییەكان بۆ دیاردەی ئەرێنی بگۆڕێت و خاوەن بەهای مرۆڤانە بێت، ئەگەر خێزانەكەی تۆ خێزانێكی رۆشنبیر بوایە، ئەوا بە چاوی سووك سەیری ژنیان نەدەكرد، چونكە خودای گەورە هەموو مرۆڤەكانی بە باشترین شێوە دروست كردووە و رێزی لێناوە و رۆحی خۆی لە ناخی مرۆڤەكان داناوە، ئیتر چۆن دەبێت سووكایەتی بە مرۆڤ كە تۆیت بكرێت، بەهەر حاڵ ئەو مامەڵە نادروستە و سووكایەتی پێكردنە هۆكاری سەرەكییە بۆ شەرمنی و هەستكردن بە كەمی و بڕوا بەخۆنەبوون، كە تۆیان تووشی ئەو بارە دەروونییە كردووە. بۆ روونكردنەوەی حاڵەتەكەت پێویستە بە شێوەیەكی گشتی باسی شەرمنی بكەین بۆ ئەوەی هەموو لایەك سوودی لێ وەربگرن. 
شەرمنی لە خۆیەوە سەرهەڵنادات، بەڵكو هۆكاری تایبەتیی خۆی هەیە، بە پلەی یەكەم بۆ جۆری پەروەردەكردنی ناو خێزان دەگەڕێتەوە، واتە هەندێك دایك و باوك خۆیان شەرمنن و حەز بە تێكەڵاوی كەسانی تر ناكەن و كە قسە لەگەڵ كەسانی تر دەكەن، ئەوا یەكسەر دەم و چاویان سوور هەڵدەگەڕێت و لێدانی دڵیان زیاد دەكات، كە ئەمانەش نیشانەكانی هەڵچوونن، چونكە شەرمنی یەكێكە لە هەڵچوونەكانی مرۆڤ. ئا لەم كاتانەدا منداڵەكانیان ئەو ترس و شەرمنی و گۆڕانكارییانە لە دەم و چاو و دەست و قاچیاندا دەبینن و دوور نییە ئەوانیش دوای ماوەیەكی كەم ئەو پەتای شەرم كردنەیان بۆ بگوازرێتەوە و لە داهاتووشدا ئەوان شەرمن دەربچن.
هەروەها جاری واش هەیە دایك و باوك خۆیان شەرمن نین، بەڵام جۆری پەروەردەكردنەكەیان هەڵەیە و نایەڵن منداڵەكانیان تێكەڵاوی منداڵانی تر ببن و بەردەوام سەری زمان و بنی زمانیان هەر وشەكانی (عەیبە، وامەكە، تۆ كچی شەرم ناكەیت، ئەوە شوورەییە، قسەی لەگەڵ مەكە، بچۆرە ژوورەكەی ئەودیو با نەتبینن، بێ دەنگ دانیشە و قسە مەكە و...هتد).
ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی كە ئەو منداڵە، منداڵێكی شەرمن دەربچێت، یان جاری وا هەیە دایك و باوك بەردەوام تیر و توانج و رەخنە لە منداڵەكانیان دەگرن و بە چاوی سووك سەیریان دەكەن و لە نرخیان كەم دەكەنەوە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی چاندنی تۆوی بڕوا بەخۆنەبوون و هەستكردن بە كەمی و كە گەورەش بوو ئەو هەست بەكەمی و بڕوا بەخۆنەبوونەی دەبێت بە مۆتەكە و وەك سێبەری خۆی لێی جیا نابێتەوە و لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیدا سەركەوتوو نابێت، یان جاری وا هەیە مرۆڤ كەم و كورتییەكی جەستەیی و ئەندامی هەیە و لە ئەنجامیدا هەست بە شەرمنی دەكات، ئیتر من نازانم كام لەم هۆكارانە زیاتر لەلای تۆ هەیە، چونكە لەنامەكەتدا باست نەكردووە، ئایا تۆ هەر لە منداڵییەوە تووشی ئەو حاڵەتە بووی، یان تەنیا لە قۆناغی زانكۆ لە ئەنجامی خوێندنی زانكۆ كە كوڕ و كچ پێكەوە دەخوێنن، تووشی ئەو حاڵەتە بووی. ئایا هیچ رووداو و بەسەرهاتێكی دیاریكراو هەیە كە بووبێتە هۆی ئەوەی بڕوات بە كەس نەمێنێ و لە ئەنجامییەوە حەز بە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی كەس نەكەیت؟ بەڕاستی ئەو زانیاریانە زۆر پێویستن بۆ دیاریكردنی هۆكارەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێشنیازی من بۆ تۆی بەڕێز و خۆڕاگر ئەوەیە كە دەبێت ئیرادەت بەهێز بكەیت و بە چاوی گومان و دوو دڵییەوە سەیری هەموو كەس نەكەیت، لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤێك خراپ نین، چونكە مرۆڤی باش زۆرن و دەتوانیت لەنێوان هاوڕێكانتدا بیاندۆزیتەوە و مامەڵەیان لەگەڵ بكەیت.
بە بڕوای من بە یەكەم كەسی نزیكت دەست پێبكە، دوای ماوەیەك بیكە بە دوان ئینجا بە سێ كەس، بەم شێوەیە رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی برادەرەكانت زیاد بكە، حەز دەكەم ئەوەشت پێ بڵێم كە ئەوە نەخۆشی نییە و گرفتێكی دەروونییە و هیچ مەترسی لەسەر ژیان و پاشەڕۆژی ئاسایی مرۆڤ نییە، بەڵكو تەنیا هەندێك گیروگرفتی رۆژانەی بۆ دروست دەكات و مرۆڤ خۆشی دەتوانێت بەسەریاندا زاڵ ببێت، بەڵام دەبێت پشوو درێژ و خۆڕاگر بیت و هەرەس نەهێنی.
لەلایەكی تریشەوە نابێت بەو قسەوقسەڵۆكانەی ئەو دۆست و برادەرانە دڵتەنگ ببیت، ئەوانیش لە ئەنجامی ئەو گۆشەگیری و شەرم و دوورەپەرێزییەتەوە ئەو قسانە دەكەن، ئینجا ئەگەر تۆ بڕوات بەخۆت هەبێت و خۆت تووشی شەرمنی نەكەیت، ئەوا ئەوانیش ناتوانن ئەو قسانە بكەن، كەواتە هەنگاوی یەكەم ئەوەیە كە دەبێت ئەو شێوازەی ژیانی پێشووت بگۆڕیت و بەو پەڕی بڕوا بەخۆبوون و جورئەتەوە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایان و ئەندامانی ماڵەوە و خزم و كەس و دراوسێ بكەیت و من پێم باشە لە دەستە خوشك و كەسە نزیكەكانتەوە دەست پێ بكەیت. ئەگەر توانیت ئەوە بكەیت مانای ئەوەیە دەتوانیت دوایی گۆڕانكاری لە راوبۆچوونەكانتدا بكەیت، ئەوەش بزانە ژیان بەو شێوەیە نییە كە تۆ لێكی دەدەیتەوە، من دڵنیاشم تۆ ئەو توانایەت هەیە، دەی دەست لە دەست و هێز لە خودا هەر لە بەیانییەوە دەستی پێبكە و ئێمەش پیرۆزبایی و دەستخۆشیت لێ دەكەین.

وتارەکانی نوسەر