د.كەریم شەریف قەرەچەتانی
زیاتر لە (5) ساڵە لەگەڵ كچێكی هاوسێماندا یەکتریمان خۆشدەوێ، دڵداریی بە مانای قوربانی، ئەویش هەروا، تاقە گرفتێك لەنێوانماندا هەیە ئەوەیە كە باوكی كچە قەناعەتی وایە، كچ تەنیا بداتە خزم و ناسیاوەكانی، زۆر جار گرفتی گەورەی بۆ كچەكە دروستكردووە كە بۆچی شوو ناكات، بەڵام ئەو هەر چاوەڕێی منە، منیش هیچ دەسەڵاتم نییە، ئەوە (3) جارە بنێرمە خوازبێنی، بەڵام بێ سوودە، باوكی هەر جارەی بیانوویەك دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی كچەكەیم نەداتێ، منیش لەگەڵ كچە بڕیاری ئەوەمان داوە ئەگەر ئەو باوكە هەر رازی نەبوو ئەوكات دەبێت من و كچەكە رابكەین و بڕۆین بۆ دەرەوەی وڵات، ئێستا بیانووی ئەوەیە كە ئێمە خاوەن عەشیرەتێكی گەورە نیین و منیش ئەو كەسە جوانە نیم كە بەدڵی ئەو بێت، لەكاتێكدا من و ئەو كچە یەكتریمان زۆر خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەی من خوێندكارم، بەڵام دوكانی خۆم هەیە و کاری ئازاد دەكەم و داهاتەكەم بەشی خێزان و ماڵ و منداڵ دەكات و بگرە زیاتریشە، لە ژیانیشدا نەچووم بەلای جگەرە و نێرگەلەكێشاندا، ئیتر نازانم راوبۆچوونی بەڕێزتان لە سەر ئەو كێشەیەی من چییە؟ (هەڵگورد/ شەقلاوە).
برای بەڕێزم، چەند جارێكی تریش وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارەمان داوەتەوە، وا بزانم ئەوە گرفتی زۆر لەو كچ و كوڕانەیە كە دایك و باوكی كەلـلەرەقیان هەیە و ئەو دایك و باوكانە بوون بە كۆیلەی دابونەریتی كۆمەڵایەتیی دواكەتوو، بە هیچ شێوەیەك گوێ لە راوبۆچوونی منداڵەكانیان ناگرن. بێگومان زۆرجار چارەنووسی كوڕ و كچی ئەو خێزانانە كەوتوونەتە مەترسییەوە، لەبەر ئەوەی بە زۆر ژنیان بۆ هێناون یان بە زۆر بە شوویان داون، كە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی لە ژیانی خێزانیدا سەركەوتن بەدەست نەهێنن و تووشی تەڵاق و لێك جیابوونەوە و شەڕ و ئاژاوە ببن.
ئەقڵییەتی نەخۆش و بۆگەنی ئەو جۆرە باوك و دایكانە بە من و تۆ بەم ئاسانییە ناگۆڕێ، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە دەست لە ئەژنۆ دابنیشن، بەڵكو پێویستە بەشێوەیەكی ئاقڵانە و واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە دایك و باوكانە بكەین. من بۆ ئەو حاڵەتەی تۆ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە رێگە چارەی گونجاو دەزانم:
1 - كەسێكی خاوەن قسە و كەسایەتی بەهێز بدۆزنەوە (بە مەرجێك كاریگەریی لەسەر باوكی ئەو كچە هەبێت)، داوای ئەوەی لێ بكەن كە هەوڵی خۆی لەگەڵ ئەو باوكە بدات و ئەوەی بۆ روون بكاتەوە كە بەو كارەی چارەنووسی كچەكەی دەخاتە مەترسییەوە، ئینجا بۆ بەرژەوەندیی كچەكەی پێویستە هەوڵی زۆری لەگەڵ بدات و لەو بڕیارە پەشیمانی بكاتەوە و ئەوەشی بۆ روون بكاتەوە كە ئێستا باوی ئەوە نەماوە هاوسەرگیریی لەناو یەك بەرەباب و عەشیرەتدا بكرێت، چونكە زیانەكانی بۆ هەموولایەك دەركەوتووە.
بۆ نموونە ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زۆربەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەناو ئەو خێزانانەدا زۆرترن كە ژن و ژنخوازی لەنێوان خۆیاندا دەكەن، بەتایبەتیش ئەو خێزان و بەرەبابانەی بەهۆی بۆماوەوە ئەو جۆرە نەخۆشییەیان هەیە، لەلایەكی تریشەوە زۆر كچ، یان كوڕ هەیە كە خزم و كەسی نزیكی خۆی پێ پەسەند نییە وەك هاوسەر، بەڵام وەك ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام بیكات بە هاوسەری خۆی كە بە دڵی نییە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆر كچ شوو نەكەن و لە ماڵی باوانیان پرچی سپی بهۆننەوە، هەروەها هەندێك كوڕیش ژن نەهێنێت لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بەرەبابەكەی خۆیان كەسێكی تریان خۆشدەوێت، لەبەرئەوە پێویستە ناچار بكرێت واز لە ئەو بیرۆكەیە بهێنێت كە هەر دەبێت كچەكەی شوو بە یەكێك لە خزم و كەسە نزیكەكانی خۆی بكات.
2 - هەوڵبدە بزانیت لەبەر چی بەو شووكردنەی كچەكەی رازی نییە؟ ئایا بە راستی هۆی سەرەكیی ئەوەیە بۆ خزم و كەسی خۆی داناوە، یان هۆكاری تر هەیە، بەڵام تۆ نازانیت، واتە دوور نییە هەڵوێستی لەبەرامبەر تۆ و كەس و كارت وەرگرتبێ، بەتایبەتیش ئێوە دراوسێن، سەرەڕای ئەوەش دوور نییە بەو پەیوەندییەی ئێوەی زانیبێت و هەست بە شەرمەزاری بكات، یان بە خراپ باسی ئەو پەیوەندییەی ئێوەیان بۆ كردبێ، سەرجەم ئەو بارودۆخە بووبێتە هۆی ئەو بڕیارە.
پێویستە ئەوەش بۆ ئەو باوكە روونبكرێتەوە و كە جوانی و رواڵەتی دەرەوەوە رێژەییە و لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت، ئەوەی زیاتر بۆ هاوسەرگیری كوڕ و كچ گرنگە لایەنی ئاكاری و ئەخلاقییە نەك رواڵەتی و دیوی دەرەوە، لەلایەكی تریشەوە كچەكە كوڕەكەی بە دڵە و خۆشی دەوێت، كەواتە كچەكە شێوە و رواڵەتی كوڕەكەی بە دڵە، ئیتر باوك بۆ دەبێت ببێتە رێگر لەبەر ئەوەی كچەكەی شوو بەو كوڕە دەكات كەواتە ئەوە گرنگە، باشە ئەگەر كوڕەكە بەو شێوە بوایە كە باوكی كچەكە بەدڵی بوایە، بەڵام كچەكە كوڕەكەی بەدڵ نەبوایە، ئەو كاتە ئەو هاوسەرگیرییە سەركەوتوو نەدەبوو نەك ئێستا كە كچەكە كوڕەكەی بەدڵە، بەڵام باوكەكە كوڕەكەی بەدڵ نییە.
3 - پێویستە ئەوەش بۆ ئەو باوكە روونبكرێتەوە كە سەركەوتنی هاوسەرگیریی پەیوەندیی بە تیرە و هۆز و عەشیرەتەوە نییە، ئەوە كەی كێشەیە كە ئەو كوڕە سەر بە عەشیرەتێكی دیاریكراو بێت یان نەبێت، ئەوەی گرنگە كردار و رەفتارە نەك ناو و نازناو، تەنانەت خودای گەورەش لەبەرئەوە ئەم هەموو گەل و نەتەوە و تیرانەی دروستكردووە بۆ ئەوە بووە كە یەكتری بناسن، یەكێكیش لە هۆكارەكانی یەكتر ناسین و خزمایەتی هاوسەرگیرییەوە و لە رێگەیەوە دروست دەبێت.
لەبەر ئەوە زۆر گرنگە زانیاریی تەواو دەربارەی ئەو خاڵانەی سەرەوە كۆ بكەیتەوە، دوای ئەوە هەوڵبدە راستییەكان بگەیەنرێتە باوكی كچە و لایەنە خراپەكانی بۆ روون بكرێتەوە، ئەو كاتە دوور نییە راوبۆچوونی بگۆڕێ.
أ- زۆر گرنگە پەلە نەكەیت و بڕیاری بە پەلە نەدەیت و لەگەڵ كچەكەش نەچیتە دەرەوە، بۆ ئەوەی گرفتەكە لەوە ئاڵۆزتر نەبێت، بەڵكو لە جیاتی ئەوە بە تۆ و كچەكە هەڵبدەن كە لە رێگەی پیاوچاكان و كەسانی چواردەور و خزم و كەسی هەردوولا، باوكی كچە لەو بڕیارە پەشیمان بكەنەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەگۆڕێ و هەتا هەتایە لەسەریەك بیروباوەڕ نامێنێتەوە، ئەوەش بە ئەوە دەبێت، كە بە هەڵسوكەوت و رەوشتی جوان و گفتوگۆ و پەیوەندییكردن لەگەڵ ئەو باوكە بەردەوام بن، تا ئەو كاتەی رای خۆی دەگۆڕێ.
ب- تۆ لە نامەكەتدا باسی هەڵوێستی دایك و خوشك و برای ئەو كچەت نەكردووە، هەوڵبدە لە رێگەی كچەكەوە، راوبۆچوونی ئەوان بۆ لای خۆتان رابكێشن بۆ ئەوەی هەوڵی رازیكردنی ئەو باوكە بدەن.
وا بزانم هەر ئەوەندەمان پێ دەكرێت و هیوادارم تۆش لەو هەوڵانە بەردەوام بیت، دوای ئەوەش ئەگەر سەركەوتنت بەدەست نەهێنا، ئیتر دنیا كۆتایی نایەت و ئەو تاقیكردنەوەیە دەبێت بە پاڵنەرێك بۆ سەركەوتن لە هەنگاوەكانی داهاتوو، چونكە ژیان بریتییە لە زنجیرەیەك كەوتن و هەڵسان و خۆشی و ناخۆشی، بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە كەوتن و ناخۆشییەكاندا بێ هیوا نەبێت.