فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە جێبەجێكردنی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) كە بەرپرسیارە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامارێكی نوێی بڵاوكردەوە و تێدا رایگەیاند، نزیكەی 4 هەزار كەشتی بە پشتیوانی ئەمریكا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیونو رێڕەوە سەرەكییەكانی پەڕینەوەش لە مینە دەریاییەكان پاككراونەتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هاوینی رابردووەوە 1 ملیار و 700 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ژێر چاودێری و پاراستنی ئەمریكادا گواستراونەتەوە.
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، فەرماندەییەكە رایگەیاند، لە مانگی تەمموزەوە هێزەكانیان ئاڕاستەی نزیكەی 150 كەشتییان گۆڕیوەو پێنج كەشتییان پەكخستووە، بەهۆی هەوڵدانیان بۆ تێكشكاندنی گەمارۆكە. راشیگەیاند، بەهای ئەو نەوتە خاوەی گەمارۆكە رێگری لە سوپای پاسدارانی ئێران كردووە لە هەناردەكردنی، بە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار دەخەمڵَێندرێت.
سێنتكۆم روونیشكردەووتەوە، بە هاوكاری لەگەڵ دەزگا حكومییەكانی ئەمریكا كار دەكات بۆ ڕێگریكردن لە سوپای پاسداران لە بەكارهێنانی رێڕەوە وشكانییەكان و دەریای خەزەر "واتا قەزوین" بۆ گواستنەوەی سیستەمی چەكی پێشكەوتوو، تەكنەلۆژیا و كەرەستەی پەیوەست بە سزاكان، لەگەڵ ئەوەی ناوی لێناوە داهاتی دارایی نایاسایی.
گەمارۆی دەریایی ئەمریكا دژی ئێران، زنجیرەیەك رێكاری سەربازی و ئابووریی توندە كە هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتەكە بەسەر بەندەرەكانی ئێراندا سەپاندوونی، بە كورتی گەمارۆكە رێگریكردنە لە هاتوچۆی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكانی ئەو وڵاتە لە ئاوەكانی كەنداو و گەروی هورمز.
ئەم گەمارۆیە لە چوارچێوەی ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران ماوەیەك دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان هەردوولا لە 28ی شوبات سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە.