كاروان ئەنوەر 11:10 AM - 2026/10/19

کاروان ئەنوەر
یەك تۆپەڵ كلیلم بە دەرگای ژوورەكەمەوە لەبیرچوبوو، لە دەباشانەوە تا گەشتمەوە ناو شار نەمزانی بیرمچووە، بەڵام كە ویستم دەرگا بكەمەوە، كلیلم پێنەبوو، یەكسەر بیرم بۆ نەخۆشی (زەهایمەر، ئەڵزایمەر، (Alzheimer›s چوو، ئێ بەناچاریی لە ئێوارەیەكی قەرەباڵغی ناوشاردا، راستەوڕاست گەڕامەوە بۆ كوردسات، قەرەباڵغی جادەوبان لەو ساتەدا لە لوتكەدا بوو، خۆشبەختانە نزیكەی 40 خولەكم پێچوو تا لەناو شارەوە گەشتمەوە دەزگاکە، بەدرێژایی ئەو رێگایە و ئەم كاتە بیرم لە مەسەلەی بیرچوونەوە و زەھایمەر دەكردەوە، ئایا دەبێت زەهایمەر رۆژانە چەند ملیۆن دۆلار زەرەروزیان لە خەڵك بدات؟ چەند كارەساتی ناخۆش لە جیهاندا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە بقەومێن؟، من نازانم، بیرچوونەوە هەر هەبووە و هەیە، بەڵام ئێستا هەركەسێك كلیلەكانی بە دەرگایەكەوە لەبیربچێت وادەزانێت ئەویش توشبووە و ئیتر زەهایمەریەتی. ماوەیەكە شتم زۆر بیر دەچێت و لە خەمی ئەم لەبیرچوونەوەدام، بۆیە زۆر لەسەر ئەم نەخۆشییە دەخوێنمەوە، بۆم دەرکەوت ھەموو نەخۆشییەک دەرد و بەڵا و کارەساتە، بەڵام دیوی یەکەمی ئەڵزایمەر، خەمناک و تراژیدییە، زۆر ترسناکە كە مرۆڤ بگاتە قۆناغێك كۆنترۆڵی بیروهۆش و لەش و زمان و قسە و ژیریی لەدەستبدات و ژن و منداڵ و ئازیزترینەكانی خۆی نەناسێتەوە، یان رستەیەك بۆ زیاتر لە سەد جار بڵێتەوە و ببێتە مایەی نیگەرانیی بۆ دەوروبەر و كەسوكار و هاوڕێكانی. هەر یەكێكمان چەندین كەس دەناسین بە پلەی جیاواز و كەم تا زۆر توشی ئەم نەخۆشییە بووبن، چارەسەر تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، ئاسانیش نییە مێشك و هەست و نەست و ئەقڵ و لۆجیك سفر ببنەوە و هەموو رەفتارێك ببێتە رەفتاری شیاو لای ژیرترین بوونەوەری سەرزەوی كە مرۆڤە!. بۆ نەگبەتی ئێمەی مرۆڤیش، ئەم دەردە، یەكێكە لە نەخۆشییەكانی سەردەم و لە جاران زۆر زیاتر بڵاوە و باوە.
دیوی دووەمی زەھایمەر، دیوە باشەكەی ئەم دەردەیە، رەنگە زۆرینەی خوێنەرەكانی ئەم گۆشەیە هاوبیر و هاوڕا نەبن لەگەڵم، ئەویش ئەوەیە كە سەری نەخۆش بەم دەردەوە مەست دەبێت، ئیتر ئاگای لە كێشە و ئاریشە و بەزمورەزمی ژیان و سیاسەت و ئابووری و میدیا و مەترسییەكانی داهاتوو نابێت.
توشبووی زەهایمەر، خەمی ئەم شتانەی نامێنێت: پارەی رووناكی و ئاو و خزمەتگوزاری، هەڕەشەكانی تۆم باراك، قیستەكانی ناوماڵ، توانەوەی بەستەڵەک و کونەکانی ئۆزۆن، قەرزداریی، پیریی، ترس لە فەوتانی زمان و پێناس و نەتەوە، كێشەی ATM و نەبوونی پارە، ھەژاریی و مایەپووچبوون، جیاوازی نێوان دوو نەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نەمانی شمەك و كەلوپەل لە بازاڕدا، قەیرانی نەوت و سوتەمەنی بۆ ئەم زستانەی كە دەڵێن زۆر سەخت دەبێت، پارەی خوێندن و جلوبەرگی مناڵ، ژینگە،  كڕینی دەرزی و حەب و دەرمانی مانگانە، پارەی غەرامە و باجو خەراجی هەر كڕین و فرۆشتنێك، ئەو خەرجیانەی بەهەڵە خەرج دەكرێن، پەشیمان بوونەوە لە هەندێك سەلام و مەرحەبایی، پارەی پاشتێلانە و باركانە، ترس لە شێرپەنجە، ترس لە شەڕ و جەنگ، ترس لە ئاوارەبوون، لە ئاگری دۆزەخ، لە تانەو تەشەری دۆستان، لە تەنھایی و تەنیایی، پاشەڕۆژ، نەگونجان لەگەڵ سەردەمی نوێ، خانەنشینی، بێکاریی، گرانیی، هەرەسی بەهای دینار، ژیانی شایستە بۆ نەوەکان، ترس لەنامۆبوون، خەمی مردنی ئازیزان، ترس لەزویربوونی ژیان، خەمی گۆشەگیریی و نەخۆشییە دەرونییەکان، شکستەکانی دواقۆناغی ژیان، ژیریی دەستکرد، غەدری میدیا، ئالودەبوون، تەکنەلۆجیا، ئاسایشی خۆراکی جیھان و زۆربوونی ژمارەی مرۆڤەكانی سەرزەوی، مەترسیدارترینیان ئەوەیە كە ژیانت تێپەڕێت و ئەو پەیامەی بۆی خولقایت و دروستبوەیت و بۆی ژیایت نەتگەیاندبێت، بۆیە لێرەدا باشترین نیعمەت ئەوەیە توشی زەھایمەر ببین.
 ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.

وتارەکانی نوسەر