كاروان ئەنوەر 11:02 AM - 2026/09/28

کاروان ئەنوەر

شەڕی كورد و عەرەب دەستیپێكردبوو، عیراق دامودەزگاكانی خۆی لە هەندێك شوێنی كوردستان كشاندبووەوە، یەكێك لەو شوێنانەش هەڵەبجە بوو، لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی (بێسارانی) ساڵی خوێندنی 1973- 1974 بوو، لەو شارەدا كورد حوكمی دەكرد و خەڵكیش ترس و لەرزێكی زۆری هەبوو لە دەستوەشاندنی عیراق لەم شوێنانە، بۆیە لە قوتابخانە هێزی بەرگریی میللی راهێنانی پێدەكردین، لەگەڵ لێدانی (شاور- فیكەنە) هەموومانیان بە راكردن دەبردە دەرەوە بۆ ناو كونەتەیارەكان... یەكەمین رووداوی نائاسایی لە ژیانمدا مەسەلەی كونەتەیارە بوو. پێناسەی كونە تەیارە: چاڵێكی پێچاوپێچی 60 بە 70 سەنتیمەتر بوو لە باخچەی قوتابخانەكەمان هەڵكەنرابوو، بەشێوەی قادرمە یان نیوەبازنە دروست دەكران، بۆ خۆپاراستن لە پارچە و گڕی بۆمبا و شەستتیرەكان.
زۆرباش لەبیرمە رۆژێك لەكاتی وانە خوێندندا، شاوری كونەتەیارە لێدرا و هەموو رامان كردە چاڵەكانەوە، من (قەمسەڵە ـ ساقۆ) یەكی چەرمی سورم لەبەردابوو، كۆدەنگییەك لەناو چاڵەكەوە لەسەرم دروستبوو، كە ئەم رەنگە سوورە كەشفە و تەیارەكان دەمانبینن، ئیتر بۆردومانمان دەكەن، لە پڕێكدا ئەم كۆدەنگییە لەو چاڵەدا بوو بە رای گشتی، رای گشتیش بوو بە گریان و هاتوهاوار، بۆ نەگبەتیی من لە بەرزاییەكی زۆر بەرزەوە بەحاڵ باڵندەیەك دەبینرا، هەڵۆ یان باز یان شەهێن یان واشە بوو. دەنگێك لە چاڵەكەوە هەرئەوەندە وتی: ئەرەوەڵڵا ئەوە تەیارەیە!!
-  راستەوخۆ گریان و چڵم سڕین بوو بە هاوار و شینوشەپۆڕ و میزبەخۆداكردن و سەرزەنشت كردن و رەخنەبارانكردن و جنێودان بە منی داماو، تەنیا لەبەرئەوەی رەنگی ساقۆكەم سوور بوو.
دەنگێك: تازە هەموومان دەمرین.
- هەمووی خەتای كاروان بوو.
- بۆچی سوور لەبەر دەكەیت؟
- دایكە گیان توخوا وەرە.. باوكە گیان هەموومان دەمرین!.
لەپاش چەند خولەكێك شاوری هاتنە دەرەوە لێدرا و ئاو بە ئاگردا كرا. فرمێسكی منداڵ و چڵم و میز و قوڕاوی ناو چاڵەكە بە دەموچاوی قوتابیانی پۆلی یەكەمی سەرەتاییەوە، تابلۆیەكی سوریالی زۆر ناشیرینی نەخشاندبوو، بەڵام باشترین شت ئەوە بوو كە منداڵان بە سەلامەتی هاتنە دەرەوە و ئەوەی زەرەرمەندبوو تەنیا من بووم، هەر لەوێدا قەمسەڵەكەیان لەبەرمدا خستە دیوەكەی تریەوە، كە رەنگێكی مۆری هەبوو، هەر باشتر بوو، بەڵام رەنگی مۆریش لەو رەنگانە بوو بە بۆچوونی ئێمەی منداڵ، فڕۆكەكان لەو بەرزاییەوە، بەو خێراییە زۆرەی كە دەفڕین گوایە دەبینرێت.
ببڕای ببڕ، ئیتر ئەو قەمسەڵەیەم لەبەر نەكردەوە. کاتێک عیراق قەڵادزێی بۆردومان كرد، ئێمە لە هەڵەبجەوە ماڵمان چۆڵكرد و بەرەو گوندەكان رۆیشتین، بەداخەوە لە رۆژی 26/4/1974 چەند فڕۆكەیەكی جۆری سوخۆی بە بۆمبی ناپاڵم و شەستتیر هەڵەبجەشیان بۆردومان كرد، خوێن لەو دوو شارەدا هەستا، نە كونەتەیارە و نە راهێنانەكانی ئێمە لە قوتابخانە، نە گریان و جنێوی منداڵەكان دادیان نەداین. ماڵەكەمان لە گەڕەكی پاشا بوو، نزیك باخی گشتی، ناپاڵمێك لەبەردەم ماڵی ئێمە و دیواری باخی گشتی كەوتبوو، هەرچی شمەكمان هەبوو فەوتابوو، ماڵیشمان تاڵانكرا و قەمسەڵە سوورەكەشم ئێوە خۆش.
ئەم بەسەرهاتە ئەمڕۆ بە شێوازی جیاواز دوو بارە و دە بارە دەبێتەوە، رەنگی سوور و زەرد و پەمەیی و مۆر كە ببوون بە مۆتەكە و چاوساغی ئەو فڕۆكەوانەی خێرایی فڕۆكەكەی (2000 كم-سەعات) زیاتر بوو، ئێستا ئەو رەنگانە بوونەتە دێوجامە بۆ داهۆڵی پیاوە دڵتەڕ و لەبز شیرینەكان، كچە مۆدێلەكان ئەم رەنگانە دەپۆشن و خۆیانی پێوە بادەدەن، كەچی خەریكبوو منێكی منداڵ لەو كونەتەیارەدا لەسەر رەنگی سوور بێكەسكوژ بكرێم .. جا سەبارەت بە مەسەلەی (كونەكە) ش، دوور بێت لە رووتان، لەجیاتی هی تەیارە، كونەكۆمپانیا و كونەسێنتەر و كونەڤیزا و كونەكەناڵ و كونەعەمرە و کونەباڵەخانە و قوتابخانە و نەخۆشخانەی ئەھلی و کونە  (فلوسە) ببورن (كونە پارە) باویەتی.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

وتارەکانی نوسەر