كاروان ئەنوەر
كێ لە ئێمە گیرۆدەی چەكی پێڵاو نەبووە!؟، بەری سمت و لامل وگازەرای پشت و بناگوێ وناوشان و لاڕانی نەکەوتبێت!!؟؟. ئیتر (نەعل، پاپوچ، پانی بەرز، پاتەی لاستیک، قاپقاب، كالە، باتا، ئەدیداس، قەڵتاغ، کڵاش، پۆستاڵ، کڵاشی دۆمی، جاشکەوش، پۆتین، پوت، جزمە....هتد) بوبێت!! راستە ئەم چەکە (پێڵاو) کلاسیک بوو، هەروەک (ساچمەزەن، ماوزەر، بڕنەو، سەمینۆف، حەوت تیر ....ووو) بەڵام باوەڕ بكەن ئەو نەعلە، ترس و فۆبیایەكی لەدڵی دوژمندا دەخولقاند درۆنەكانی ئێستا نایكەن، جار هەبوە نەخشی ژێر نەعل یان كڵاش بەپشتی دوژمنەوە چاپ بوەو سوێی بەدڵیەوە بردوە، ئیتر سیستمی سزاو پاداشت هەروابوەو مەرجیش نیە هەموو جارێك گۆزە لەكانی بە ساغی بێتەوە..
ئێستا، لەوەتەی ترۆمبێل زۆر بووە، شكور خەڵک و ماڵەکان و خێزانەکان ترۆمبێلیان هەیە، بەمەش تەمەنی پێڵاوەکان درێژتر بوەو نادڕێن و کۆن نابن، ناشبرێن بۆلای (پینەچی، پینەدۆز، ئیسکافی، پێڵاودرو...) پێشتر یەکێک لە کێشەکانی خێزان ئەوەبوو، منداڵەکان و باوکیان، هەر دوومانگ جارێک جوتێک پێڵاویان دەدڕاند.. جارێک پینەدەکرا و جارێک بنی لێدەدرایەوە، جارێکی تر بەنەشتەرگەری قورس چارەسەردەکرا، دواتر دەبوایە بیر لە کڕینی جوتێک پێڵاوی تر بکرایەتەوە، ئەوەش كارەساتبوو.. پێڵاو بەو نازدارییەوە، دوعامان دەکرد نەدڕێت، چونكە هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکرا کە ئەم قەڵتاغە دەبێت بەشی ساڵێکت بکات، ئەگینا پێڵاوی لاستیکت بۆ دەکڕین!! سەیر ئەوەیە ئێستا، پێڵاوم هەیە 15 ساڵە دەیڕەتێنم، كەچی هێشتا لەپێی دەکەم و کۆن نەبوە.. کەواتە بابپرسم پێڵاوی ئێستا كارو پێزانینی زیاترە یان ئەوکاتەی کە تەنها بەشی دوو مانگی دەکرد؟
با بیفەلسەفێنم.. مێژووی دوورو نزیك دەیان نموونەی شەڕوشۆڕمان بۆ باس دەکات کە جەنەراڵ و ئەفسەر و پلەباڵاکانی شەڕ، بێ پرسی دەوڵەت، بە چەندین دەست و دەسیسە جەنگیان بەرپاکردووە، تاوەکو سوپا و هێزە چەکدارەکان لەسەر دڵ بمێنن و پشتگوێ نەخرێن، وڵات هەبوە داگیركراوە دەوڵەتی داگیركەر ئاگادار نەبوە، نموونەی ژاپۆن كە مەنشۆریای داگیركرد!!. جابڕوانە ئەو سوپایەی جەنگ بەرپا دەکات، سەرە گەورەکان پارە و نیشان و ڕێز و پلەبەرزکردنەوەیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا سەدان سەرباز دەمرن، سەدان ژن بێوەژن دەکەون و هەزاران منداڵیش هەتیو دەبن، هەر ئەوەندە نا، زۆڵیەتی و نەفرەتیی هەندێک لە کۆمپانیاکانی جەنگ و دروستکردنی چەک لەوەدایە کە جۆرەها چەک دروست بکەن کە تەنها بریندارکردن و کەمئەندامکردنی سەربازەکانی بەرانبەر بکات، مین هەیە کە قاچی بەردەکەوێت، بەرزدەبێتەوەو لە ئاستی دەموچاودا دەتەقێتەوە، سەربازەکە ناكوژێت بەڵام کوێری دەکات، یان لەهەندێک حاڵەتدا، تەنها ئەو بریندارەی لە جەنگەکەدا بەردەكەوێت، چەندین کەس و سەربازی تر بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكات بۆ چارەسەر و تیمار، یان بۆ کشانەوە و گواستنەوەی كەسی بریندار بۆبەشی دواوەی بەرەکانی شەڕ، ئەوسا دەبێت دەوڵەت هەتا لەژیاندا ماوە خەریکی بەخێوکردنی ئەو کەمئەندامە بێت. كەواتە ئەم چەكانە لەچەكی كوشتن كاریگەرترو روخێنەرترن!!، ئەم هەموو تەکنیک و تەکتیک و زۆڵێتییەی لە جەنگدا بەکاردەهێنرێن، سەرچاوەکەی لەو پلان و پیلان و هێرشی پێڵاوەوە دەستیپێکردووە کە چەندە سەرەتاییش بوون، بەڵام کاریگەرییان لە مین و موشەک و درۆن و فڕۆکەکان کەمتر نەبوو، چونکە ئەو منداڵەی نەعلەکەی تێدەگیرا، باڵای کەمێک لە نەعل و پێڵاوەکە بەرزتر بوو.
بۆیە هەڵسەنگاندنی شەڕەکان بە گەورەیی چەکەکان نییە، ئەوەندەی بە ناسینی چەكوەشێنەكانە، بۆنموونە چەكی تاكەنەعلەكەی دایك تەنها جەنگی دەروونی بوو، هەروەك هەندێك لە موشەكەكانی ئەم جەنگانەی ئەم دواییە بۆ ترس و تۆقاندن بوون، تا بزانرێت لایەنی بەرانبەر چەند بەرگەدەگرێت یان كاردانەوەو پەرچە كردارەكان چین، بۆیە دەڵێم جەنگی دەروونی لەنەعلەكەوە دەستیپێكردوە..
ئێستا پەیوەندیی نێوان جەنگ و شەڕ و ترۆمبێل و گیزەو ویزەی پێڵاوەكان لەگەڵ هەڕەشە و گوڕەشەی ئاشتبوونەوە لەسەر مێزی خڕی دانوستانەكان، دەبەستمەوە بەو جەنگە دەرونییەی کە هەمیشە زمانی شەڕ لەباڵی هەڵۆكان لە دژی باڵی كۆترەكان بە پێڵاوەوە دەیبەستێتەوە، وەک ئەوەی لایەك لە گەورەیی هێزو چەک و تفاق و چبەخانەی دوژمنەكەی دڵنیابێت، کەچی بڵێت حسابی تاكێك پێڵاوی بۆ ناکەم.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر
(سێگۆشەی خڕ) ناونیشانی گۆشەیەکی ھەفتانەیە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)