كاروان ئەنوەر
کاروان ئەنوەر
تو شەرەفت عەیب ناكەیت؟! بۆ دانانی هەواڵێكی سەقەت و ناونیشانێکی خەیاڵی، سێ جار ئەو خەڵكە توشی هەوراز و نشێو و تولەرێگەكانی کلیل و قوفڵی میدیا دەكەن؟ لە دەرەوە بە ناونیشان وێڵمان دەكەن، پاشان لە درێژەدا دەنووسن (بڕۆ كۆمێنت)، لە كۆمێنتەوە دەمانبەنە ناو سایتەكە، جا بەخێرێ هەر كاتێك ئێمەی خوێنەر دوای ئەم هەموو تەقەڵە، گەشتینە كرۆكی هەواڵەكە، رێك 180 پلە لە ناونیشانەكەوە دوورە، منی خوێنەر وامدەزانی ئەم بابەتە لای خۆمان روویداوە، كەچی كە بە فەلاكەت دەگەمە هەواڵەكە، شوێنی رووداو (كۆڵۆمبیا) یە!! بۆیە منیش لەسەرپێ هەزار جنێوی جوان و تەڕ و پاكوپوختتان بۆ حەواڵە دەكەم و بڕیاریش دەدەم هەتا ماوم سەردانی ئەو هین خانەیەتان نەكەم.
دەزانن لەوەڵامدا چی پێوتم:
- عەمری خوێنەرێك نەمێنێت نەتوانێت سێ جار بە نوكی پەنجەی كلیك بكات تا بگاتە هەواڵێك! ئێمەش پێویستمان بە ئەکتیڤیتی پەیج و سایتەکانمان ھەیە، خۆ داوای ماچمان لێنەکردوون، داوای تەنھا سێ کلیکتان لێدەکەین! منیش وتم: عەمری تۆ نەمێنێت كە بە رۆژی رووناك فڕوفێڵ لە خوێنەرەكانتان دەكەن، لەم حاڵەتەدا جیاوازیی تۆ لەگەڵ كابرایەكی گیرفان بڕ و باخەڵ دڕدا چیە؟
- وتی: جا بۆ ناشمانكەیت بە دز و جەردەی رۆژی نیوەڕۆ!
- وتم: جیاوازیی لە پرۆسەی فێڵكردندا نییە، ئیتر پارە بدزیت یان كات بدزیت یان مێشك داشۆریت و بیكوژیت، فێڵ هەر فێڵە، بەسە ئیتر ئێوەش وەرنەوە سەر دینی راست و وەك بەشەر کاری میدیا بكەن و ناوی خوای لێبێنن، باوەڕ بكەن خەڵك زۆر لێتان نیگەران و بێزارە، تەواو سۆشیال میدیاتان كردووە بە تەنەكەی خۆڵ، ئەوەی خۆشەویستیی بێت نەتانماوە، تەنها كات و چاوی ئەو خەڵكە خەساردەکەن، هیچی باش ناكەن، خۆزگە بزانن شەقام چەند لێتان توڕەیە!!
ئەم ئاخاوتنەی سەرەوە دەقاودەق قسەی نێوان من و كەسێكی بەرپرس بوو لە چەندین سایت و پەیج و پلاتفۆرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وەك خۆی گواستمەوە، بەڵام ھەیھوو... زۆر باسی ئەو كۆڕ و سیمنارانەم بۆ كرد كە ئێمە لە سلێمانی لەسەر ئەم بەڵایە، بۆ ئێوەمانانمان کردبوو، بەڵام دیاربوو بێسوودبوو، باسی سیمپۆزیۆمی (سۆشیال میدیا.. هەڕەشە و چارەسەر) م بۆ كرد کە لەساڵی 2023 سازمان كرد، ھەروەھا سیمپۆزیۆمی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵەی پزیشكانی دەرونی كوردستان لە ساڵی 2025 بەناونیشانی (تەندروستی دەرونی و رۆڵی میدیا) زۆر بە روونیی ئەم کارەساتانەی ئەمڕۆمان ئاشكراكرد كە دەبنە مەترسیی بۆ سەر دەرونی تاكی كورد، بەڵام پەیکەر گوێ لە قسەكانت دەگرێت وەلێ ھەرگیز بەگوێت ناكات، ئاشی ئەمانە بە مێشکی بەرد و سەری مەست بە لایک و ڤیو دەگێڕدرێت، بۆیە قسەکانی من لەم گوێچکەوە رۆشتن و لەوی تریانەوە دەرچوون، ئیتر بەناچاری ئاخاوتنەكەم بەلایەكی تردا برد و وتم:
- تۆ ناوی (ئێڵ بەگی جاف)ت بیستوە، كە پیاوێکی یارسان بووە ئا لەم شارەزوورەی خۆمان نزیكەی 500 ساڵ پێش ئێستا مردووە؟ وتی هەر ناویشم نەبیستوە!! وتم دەی سا بیبیستە،كۆمەڵێك چوارینەی سیحراوی زۆر دەگمەنی نووسیوە، حەز دەکەم گوێ لەم دووانەیان بگریت:
*رەخشی رۆستەم (ئیزهار) دەبێ
ئەسپی ئاسن رەهوار دەبێ
(دوڵدڵ) شەودێز بەكاردەبێ
گەلێ شت هەن ئاشكار دەبێ
هەروا بووە و هەروا دەبێ.
*مەردان مەردی گەزاف دەكەن
هەم بەراستی خەلاف دەكەن
قسان بە تیر قەلاف دەكەن
بە رێگەی دوور مەساف دەكەن
هەروا بووە و هەروا دەبێ.
جا كاكی برام ئەم دوو چوارینەیەی ئێڵ بەگی جاف گەر لە ماناكەی تێبگەیت حەتمەن لەسەر تۆ و ئێوە و سۆشیال میدیاکەی ئەمڕۆتان نووسراوە!! پێشبینییەکەش وەک نوقڵانە لێدان وابووە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ پڕ پێکاویەتی.
ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.