كاروان ئەنوەر 10:32 AM - 2026/11/16

پێخەسوو یان بەربووک، یەکێکە لەو نەریتە ناشیرینانەی کە لە سەردەمێکدا باوبوو، لە هەندێک شوێن و ناوچە، تا ئێستاش ماوە و پەیڕەو دەکرێت. بەربووک ژنێکی بە تەمەنە، لەپێناو هەندێک دیاری و پارەی نەختینە، هەواڵێک راست دەکاتەوە، جاڕی دەدات و دەیگەیەنێت، لە قسەی ئەم ژنەوە کە رۆڵی دادوەر و پزیشکی دادی و منداڵبوون و میز و میزەڕۆ و دادگایەکی گوێزراوە و جوڵاو دەبینێت، لەپڕ دەبێتە وتەبێژ و دەمڕاستی شەرعیەت و مێژووی ڕەفتارەکانی رابردوو ئازادی و برایەتی گەلان و دەڤەرەکان و عەشیرەتەکان.
د. نوال السعداوی لە زنجیرە کتێبەکانیدا زۆر بە وردی لە کەسایەتی پێخەسوو دەدوێت و دەیان نموونەی زیندوو باس دەکات، بۆ نموونە دەڵێت ھەندێک لە بەربووکەکان لە وڵاتی میسر، نینۆکی یەکێک لە پەنجەکانیان بە درێژی دەهێڵنەوە... بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو کەشوهەوای جیۆسیاسی لەبارنەبوو، تا گۆمەکە نەشڵەقێت و بەرژەوەندییە ماددییەکانی ئەم خاتوونە پیرێژنە نەفەوتێت، وەك دیاری و شیرینی و پارە و پول و جلوبەرگەکان، چونكە مافیش دەسێنرێت و نادرێت و نافەوتێت، بۆیە پێخەسوو لەم پرۆسەیەدا ئەو نینۆکە درێژەی دەخاتەکار و پڕۆسەکە بە سەقەتی و وێرانی و ماڵوێرانیش بێت بەرێوەی دەبات!!
بێگومان ھەموو دەزانن مەبەستی من لەم گۆشەیەدا تەنها باسکردنی ئەو پیرێژنە داماوانە نییە کە پیشەیەکیان ھەڵبژاردووە و ژیانی خۆیانی پێ دەگوزەرێنن، خۆتان دەزانن چەندین پڕۆسەی وێران لەسەر دەستی پێخەسووە پیاوەکان تێپەڕێنراون و تا ئێستاش وەک شەرعی و دەستووری و یاسایی لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا باس دەکرێن. رەنگە مێردمنداڵێکی سیاسی، ئێستا بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت لە پێدانی شەرعیەت بە شتێک و لێسەندنەوەی ئەو شەرعیەتە لە شتێکی تر، بەڵام لە چوارچێوەی کاری ڕۆژانەماندا من دڵنیام کە ئێوەش دەیان کەسایەتی رەفتار پێخەسوو دەبینن، جا لە بازاڕدا بێت یان لە گەڕەک و کۆڵان یان لە فەرمانگە و قوتابخانەکان یان كردەیەكی مناڵانە لە هەڵسوکەوتی پیاوانە!!
ئەم ژینگە جیاوازانەی مرۆڤەکان تێیدا دەژین، زۆر بە ئەستەم راستییەکان وەک خۆیان باس دەکەن، یان دەنووسرێنەوە، بە نموونە: شۆڕشێکی گەورەی کوردان لە باشوور لەسەر دەستی سێ پێخەسوودا لە ڕۆژی 6/3/1975  بە نینۆکی خوێناوی فوو لە چرای شۆڕش کرا، ئیتر لە 13/3/1975 جاڕی چەکدانان درا، خۆ پاش کۆتاییهاتنی شۆڕش، سزای خوداوەند بە خراپترین شێوە تۆڵەی لەهەرسێکیان کردەوە، بەڵام شۆڕشیان لەباربرد.. بڕوانن بەسەرھاتی هەموویان، شاهنشای ئێران و هواری بومدیەن و سەدام حوسێن بە چ دەردێک سەریان نایەوە؟!. بۆیە بەربووکەکانی سیاسەت لە سزای خەڵک و خوا و مێژوو قوتار نابن. سەرجەم ئەزموون و بزووتنەوە و هەوڵ و شۆڕشەکانی تریشمان بەدەستی پێخەسوو لە بێشكەدا لە گۆڕنراون. هەموومان چیرۆکی قەوام سەڵتەنەمان بیستووە کە سەرۆكوەزیرانی ئەو سەردەمەی ئێران بوو، کۆماری کوردستانی لە مەهاباد بە فڕوفێڵێکی سیاسی و بەڵێندانێکی بیژییانە پێش ئێمەی كورد، یەکێتیی سۆڤیەتی لە خشتە برد، چونکە بەڵێنی دابوو بەرانبەر دەستبەردانی سۆڤێەت لە ئازەربایجان و كۆماری کوردستان، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ نەوتی ئێران بخاتە خزمەتیان، ئیتر ئەم پێخەسووە ئەزموونی كۆمارەكەی مەهاباد و ئازەربایجانی کردە قوربانیی چەند هەنگاوێکی زۆڵانەی خۆی، لە کۆتاییشدا پەرلەمانی ئێران لەسەر ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵییە دەنگی نەدا و كورد و ئازەر و سۆڤیەتیش گرەوەكەیان دۆڕاند، بەڵام قەوام سەڵتەنە وتبووی من بەڵێنی خۆم دەبەمە سەر و وەك خۆم چەند دەبەیەک نەوت دەدەم بە سۆڤیەتییەکان، ئیتر پەرلەمان ئازادە چی بڕیار دەدات!. ئەمانە: (حەمەرەزا شا، هواری بومدیەن، سەدام حوسێن و قەوام سەڵتەنە) نموونەی پێخەسووی پیاون، دەیانی تریش لە دووتوێی مێژووی بزووتنەوەكانی رێگەی كوردایەتیدا لە مێشكی هەر یەكێكماندا هەن..
بۆیە تا ئەم پێخەسووانەی سیاسەت و ئابووری و ئایین و ڕۆحکێشەكانی ئازادی هەبن، نە ئێمە، نە میللەتان، نە ئازادیخوازان بە ئازادیی ناژین..
 ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.

وتارەکانی نوسەر