بانكی ناوەندی هۆشداری دەدات لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە كە وەك یاری منداڵان دەخرێتە بازاڕەوە

عیراق 02:44 PM - 2026/11/26

بانكی ناوەندی عیراق هۆشدارییدا لە بڵاوبونەوەی ئەو دراوە ساختانەی كە وەك  یاری منداڵان  دەخرێنە بازاڕەوە و دوپاتی كردەوە كە ئەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
بانكی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە،  بڕێك دراوی ساختەی دراوی نیشتمانی و هەندێك دراوی بیانی لەنێو مامەڵەكارانی كەرتی داراییدا دەستی بەسەردا گیراوە ، هاوكات هۆشداری داوە  لە مامەڵەكردن، بانگەشەكردن یان ئاڵوگۆڕكردن بە هەرجۆرە دراوێكی كاغەزی ساختەوە، چ دراوی نیشتمانی بێت یان دراوی بیانی، كە هەندێك لایەن هەوڵ دەدەن بە بیانوی ئەوەی یاری منداڵانن، ساغیان بكەنەوە . ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو دراوە كاغەزییە ساختانە دەستەواژەی وەك (باتڵ) یان لەسەرە، كە بە پیتی بچوك و ڕەنگی كاڵ لە یەكێك لە گۆشەكانی دراوەكەدا چاپ كراون.  لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە،  ئەو هەوڵانەی ئێستا دەدرێن بۆ نیشاندانی ئەم دراوانە وەك یاری، تەنها ئامڕازێكە بۆ فێڵكردن و ساختەكاری كە لەلایەن كەسانی لاواز و بەرژەوەندیخوازەوە ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی دارایی ناڕەوا، ئەویش بە قۆستنەوەی لێكچونیان لەگەڵ دراوە كاغەزییە راستەقینەكان لە ڕوی قەبارە و شێوەی گشتییەوە . بانكی ناوەندی عیراق رونیكردوەتەوە،  ئاڵوگۆڕكردن یان بانگەشەكردن بۆ ئەو دراوانە بە هەر شێوەیەك بێت، بە تاوان دادەنرێت و یاسای بەركار سزای لەسەر دەدات و بە ڕونی دەچێتە چوارچێوەی كردەوەكانی ساختەكاری و فێڵكردنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو