ئاگركەوتنەوەیەكی گەورە لە میسر؛ 31 كەس گیانیان لەدەستدا و 21ـی تر بریندار بوون

عیراق 10:12 AM - 2026/11/26

بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لەپارێزگای جیزەی میسر، 31 كەس گیانیان لەدەستدا و 21 كەسی تریش بریندار بوون.
بە وتەی شایەتحاڵەكان، ئاگرەكە سەرەتا لە بارهەڵگرێكدا لە نزیك تونێلێكی ناوچەی وەراق لە پارێزگای جیزە كەوتووەتەوە و دوای بیستنی دەنگی تەقینەوە و بەرزبوونەوەی دووكەڵێكی چڕ، تەشەنەی سەندووە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی دەوروبەری و بووەتە هۆی سووتانی ژمارەیەك ئۆتۆمبێل. گێڕانەوە سەرەتاییەكان سەبارەت بە باری بارهەڵگرەكە جیاوازن؛ بەشێك باس لە ماددەی نەوتی دەكەن و راپۆرتە ناوخۆییەكانیش ئاماژە بە گواستنەوەی بوتڵی غاز دەكەن، بەڵام تا ئێستا لایەنە رەسمییەكان هۆكاری سەرەكیی ئاگرەكە و ژمارەی وردی ئۆتۆمبێلە سووتاوەكانیان پشتڕاست نەكردووەتەوە.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی میسر، دەیان ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و بریندارەكانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەكان. خالید عەبدولغەفار، وەزیری تەندروستیی میسر، باری نائاسایی لە نەخۆشخانەكانی دەوروبەری رووداوەكە راگەیاندووە بۆ پێشكەشكردنی چاودێریی پزیشكیی بەپەلە بە بریندارەكان.
دوای گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەكان، ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو