ئەگەر تا رۆژی
یەکشەممە مووچەکانمان پێنەدەن ئەوا لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندان
دەکەین
بەیاننامەیەک لەلایەن دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی
گرێبەست
ئەمڕۆ هەینی نوێنەری
مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت ئەگەر
تا رۆژی یەکشەممە مووچەکانمان پێنەدەن ئەوا لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران
خۆپیشاندان دەکەین.
دەقی بەیاننامەکە" ئێمە وەک نوێنەران و توێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی
گرێبەست ، کە ژمارەمان (52000) مامۆستا و فەرمانبەرە و بەردەوام لە خزمەتی پڕۆسەی
پەروەردە و فێرکردن و دامودەزگاکانی حکومەتداین، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕوانینە
دواکەوتنی بەردەوامی مووچەکانمان.
لە ئێستادا زیاتر لە (٥٠) ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر
دابەشنەکردنی مووچەکانماندا لە کاتێکدا لە مانگی 11 (تشرینی دووەم) نزیک دەبینەوە،
بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی 10 (تشرینی یەکەم) دابەش نەکراوە ، ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن
لەگەڵ توێژی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست دوورە لە هەموو پێوەرێکی
کارگێڕیی و دادپەروەری و مایەی قبوڵکردن نییە، چونکە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی
ژیان و گوزەرانمانە.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئەگەر تا ڕۆژی یەکشەممەی
داهاتوو وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕانەگەیەنرێت
و دابەش نەکرێت، ئەوا بە شێوەیەکی مەدەنییانە و بە بەشداری سەرجەم گرێبەستەکان، خۆپیشاندان
و گردبوونەوەی فراوان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدەین و سەرجەم دەرگاکانی
ناڕەزایەتی بە ڕووی ئەم ستەمەدا دەکەینەوە.
عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی گرێبەستەکان
هەینی ٢٠ی ١١ی ٢٠٢٦