لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە گەشتی سەعات هەشتی كەناڵی گەلی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەو شتەی پارتی لە پەرلەمان كردی و رایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە كابینەی 9ـی حكومەت و بە دیاریكراوی سەرۆكی ئەم حكومەتە كاربەڕێكەرەی پارتی هۆكاری سەرەكی قوڵكردنەوەی دووبەرەكی و ئاڵۆزییەكان بووە، بەوەش پێچەوانەی ئەو رێككەوتننامەیە هەڵسوكەوتی كردووە كە خودی حكومەتەكەی لەسەر بونیادنراوە.
لوقمان وەردی وتیشی، ئەم حكومەتە جیاكاری لە نێوان ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، جا چی جیاكاری لە دابەشكردنی داهات بێت یان خزمەتگوزارییەكان، یا بوارەكانی تر، هەموو ئەمانەش وایكرد، نیگەرانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بێت، تا گەیشتە ئەو شتەی لە پەرلەمان كرا و پارتی شەراكەتی راستەقینەی رەتكردەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانی بۆ گەلی كوردستان، لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، تەئكیدیكردەوە لەوەی شەڕی یەكێتی بۆ پلە و پۆست نییە بەڵكو لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە لە هەموو هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی دادپەروەر و بەبێ جیاوازی كردن، راشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر راستكردنی ئەم رێرەوە چەوتەی حكومڕانی.