تەنیا لە ماوەی 24 سەعاتدا لێدوانێكی سیاسی تووند، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسانی لە لوتكەی دەسەڵاتی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ كەسێكی داواكراو لەبەردەم دادگای دەوڵەتدا .
گرژیی و ناكۆكییەكان لەو كاتەوە دەستیپێكرد كە رۆژی یەك شەممە مستەفا محەمەداوی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، لە بەردەم دەزگاكانی راگەیاندندا وەستا و تووڕەیی خۆی دژ بە بەغداد لە بەرامبەر بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێراندا دەربڕی،بڕیارێك كە حكوومەتی فیدراڵی بۆ چاكسازی ئەمنی دابووی، بەڵام بازاڕی ناوخۆیی پەكخستبوو. سەرۆكی ئەنجوومەنی میسان هێڵە سوورەكانی بەزاند و مۆڵەتی سێ رۆژی بە بەغدا دا و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر دەروازەكە تا رۆژی پێنج شەممە نەكرێتەوە، نەك هەر یاخیبوونی مەدەنی و بڕینی رێگاوبانەكان رادەگەیەنێت، بەڵكو پارێزگای میسان بە تەواوی لە عیراق جیا دەكاتەوە.
ئەم دەستەواژە تووندانە وەك بروسكە گەیشتنە ناو كۆشكی حكومەتی فیدراڵ. عەلی فالح زەید، سەرۆكوەزیرانی عیراق هاتە سەر هێڵ و فەرمانێكی خێرای دەركرد بۆ پێكهێنانی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی یاسایی دژ بە مستەفا محەمەداوی بە تۆمەتی بەكارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو و هەڕەشەكردن لە یەكپارچەیی وڵات. بەڵام دۆسیەكە لێرەدا نەوەستا، ململانێكە بە خێراییەكی بێپێشینە چووە ناو هۆڵەكانی دادگاوە. نوێنەری یاسایی سەرۆكوەزیران سكاڵای رەسمی پێشكەش كرد و گرتە ڤیدیۆییەكانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی تەسلیمی دادوەر كرد. بەهۆی قورسی تۆمەتەكەوە، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغداد، بە رەسمی و بەپێی ماددەی 224 لە یاسای سزاكانی عیراق، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ مستەفا محەمەداوی دەركرد.