ئەمڕۆ دووشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق دادبینی لەسەر سێ داوای تایبەت بە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكات.
بە گوێرەی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای فیدڕاڵی، سكاڵاكاران داوای گۆڕینی ناونیشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ حكومەتی كار بەرێكەركردووە، ئەمەش بەپاساوی ئەوەی تەمەنی حكومەتەكە بەسەرچووە، هەروەها سكاڵایەكی تریش لەدژی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، سەرجەم سكاڵاكارەكانیش كوردن.
ئەوەی داوای دووەم لە داوای یەكەم جیادەكاتەوە، داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە لە دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییەوە دەریكردوون، بە تایبەتی بڕیاری زیادكردنی نرخی كارەبا، سەپاندنی باج و ڕسوماتی نوێ و ئەنجامدانی گرێبەست یان هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی نەوت و كارەبا و هەر بڕیارێكی دیكەی ستراتیجی.
دانیشتنەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لە كاتێكدایە كە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاسایی بوونەتەوە، بەوپێیەی لە ئەگەری پەسەندكردنی ئەم داوایانە لەلایەن دادگاوە، دەسەڵاتەكانی حكومەت لە بڕیاردانی دارایی دوورمەودا پەكدەخرێن و پەرلەمانیش لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی دەسەڵاتەكانیدا دەمێنێتەوە.