لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا نرخی زێڕ كەمێك بەرزبووەوە و یەك ئۆنسەی چوار هەزار دۆلاری تێپەڕاند، لە بەرامبەردا نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی تۆمار كردوو یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ خوار 115 دۆلار دابەزی.
هەرچەندە هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەی سەدا چوار دابەزی و یەك ئۆنسەی هاتە خوار چوار هەزار دۆلارەوە، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی رووی لە هەڵكشان كردوو دووبارە هاتەوە سەروو ئاستی چوار هەزار و 15 دۆلار ، هاوتەریب لەگەڵ بازارەكانی جیهان نرخی زێڕ لە بازارەكانی هەرێمی كوردستانیش بەرزبووەوە و نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 گەیشتە 950 هەزار دینار .بازرگانان و وەبەرهێنەران هۆكاری سەرەكیی دابەزینەكانی هەفتەی رابردوو بۆ هەڵكشانی نرخی نەوت بوو بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێننەوە ، چونكە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە مەترسیی ئەوە دروست دەكات كە فشارەكانی هەڵاوسان درێژە بكێشن و دەستی بانكە ناوەندییەكان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی سوود ببەستن.
هەرچەندە لەڕووی مێژووییەوە زێڕ وەك پەناگەیەك بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان و نادڵنیایی جیۆپۆلەتیكی سەیر دەكرێت، بەڵام بەرزمانەوەی رێژەی سوود تێچووی سەرنجڕاكێشی ئەو كانزایە كەم دەكاتەوە.
وەبەرهێنەران پێشبینی دەكەن بانكی ناوەندیی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی 27 و 28ـی ئەم مانگەدا رێژەی سوود وەك خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام چاوی بازاڕ لەسەر پەیامی لێپرسراوانی بانكەكەیە لەبارەی ئاسۆی كۆبوونەوەی مانگی كانوونی یەكەم.
هاوكات ئەمڕۆ لە گەڵ بەرزبونەوەی نرخی ئەو كانزا زەردە، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیكەی شەش مانگی رابردوودا.
هەرچەندە بەردەوامی هێرشەكانی سەر سعودیە هێشتا نیگەرانییەكانی لەبارەی خستنەڕووی وزە بە بەرزی هێشتووەتەوە.بەڵام نرخی نەوتی برێنتی دەریای باكوور دوو دۆلار دابەزی و گەیشتە 114 دۆلار و 60 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك.نرخی نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكاش بۆ 101 دۆلار دابەزی .
ئەمەش لە كاتێكدابوو،رۆژی هەینی نرخەكانی نەوت بە بەرزبوونەوەی نزیكەی سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داخرابوون دوای ئەوەی هێرشەكانی حووسییەكان بۆ سەر سعودیە ترسی پەككەوتنی خستنەڕووی وزەی دروستكرد.