دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ لێپرسراوێكی پێشووی بەشی ژمێریاری لە پارێزگای سەڵاحەددین دەركرد، ئەمەش بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی نزیكەی 3 ملیار دینار كە بۆ دابینكردنی سووتەمەنیی مۆلیدەكان تەرخان كرابوو.
دەستەی دەستپاكیی فیدراڵ رۆژی یەكشەممە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، تیمی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی سەڵاحەددین لە ئەنجامی بەدواداچوون و وردبینیكردندا بۆیان دەركەوتووە، بەرپرسێكی پێشووی بەشی ژمێریاری دەستی بەسەر 2 ملیار و 975 ملیۆن دیناری تەرخانكراو بۆ پڕۆژەی دابینكردنی سووتەمەنیی مۆلیدەكانی فەرمانگە و پڕۆژەكان بە شێوەیەكی نایاسایی دا گرتووە.
دەستەی دەستپاكی روونیكردەوە، تۆمەتبارەكە بە بیانووی ئەوەی پارێزگار دەسەڵاتی پێداوە، پارەكەی لە لیژنەی كڕینی سووتەمەنی وەرگرتووە و رەتی كردووەتەوە بیگەڕێنێتەوە، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سەڵاحەددین تایبەت بە كەیسەكانی دەستپاكی، بەپێی ماددەی 316ـی یاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارەكە دەركردووە.
لە چالاكییەكی جیادا، دەستەی دەستپاكی رایگەیاند، دوای بەدواداچوونمان لە فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەددین حاڵەتێكی بەفیڕۆچوونی سامان و داهاتی گشتی یاشكرا كراوە، ئەمەش بەهۆی دابینكردنی ئامێری پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی خورماتوو بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەكیان پێبێت، هەروەها كەمترخەمی لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی دابینكردنیشدا هەبووە."
تیمەكانی دەستەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەڵاحەدینیان كردووە و سەرجەم بەڵگەنامەكانی پەیوەست بە گرێبەستەكەیان بەپێی رێكارە یاساییەكان دەستبەسەردا گرتووە، ئامێرەكان بریتی بوون لە 5 كورسیی خوێن وەرگرتن، 5 ئامێری كارەبای دڵ، یەك ئامێری گەرمكەری تاقیگەیی و 3 ئامێری جیاكەرەوەی خوێن.