پارێزگاری نەینەوا: زیاتر لە 20 هەزار روفات لە چاڵی خەسفە هەیە و ناتوانین دەریانبهێنین

عیراق 01:21 PM - 2026/10/25

پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، زیاتر لە 130 گۆڕی بەكۆمەڵی سەردەمی داعش و قاعیدە لە سنووری پارێزگاكە هەن. دەشڵێت، لە یەكێك لە گەورەترین چاڵەكان كە بە "چاڵی مەرگ" دەناسرێت ڕووفاتی زیاتر لە 20 هەزار كەس هەیە.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای عێراقی دەڵێت، چەكدارانی قاعیدە و داعش زیاتر لە 130 گۆڕی بەكۆمەڵیان لە سنووری پارێزگاكەدا بەجێهێشتووە كە بەسەر شنگال، تەلەعفەر، دەشتی نەینەوا، مووسڵ و ناوچەكانی باشووریدا دابەش بوون.

ئاماژەی بەوەش دا، هەڵدانەوەی ئەم گۆڕانە پێویستی بە ئامێری تایبەتمەند، بودجە و تیمی پشكنینی دی ئێن ئەی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە سەرۆكوەزیرانی عیراق كردووە تاقیگە و پارەی پێویست دابین بكات.

پارێزگاری نەینەوا باسی "چاڵی خەسفە"ـی كرد كە لە باشووری پارێزگای موسڵە و گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵی تێدایە و وتی، ڕاپۆرتە هەواڵگری و دادوەرییەكان دەری دەخەن كە رووفاتی زیاتر لە 20 هەزار كەس لەو چاڵەدا هەیە كە قووڵییەكەی 150 مەترە و بە درێژاییی 13 كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.

پارێزگار ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەكوو ئێستا بەهۆی بوونی گازی ژەهراوی و گۆگرد لە چاڵەكە نەیانتوانیوە گۆڕەكە هەڵبدەنەوە و پشكنینی بۆ بكەن. پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەش كرد، لە كۆلێژی كشتوكاڵ لە حەمام عەلیل گۆڕێكی دیكە هەیە كە زیاتر لە هەزار ڕووفاتی نەناسراوی تێدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو