یەك ملیار دۆلاری كاش بۆ عیراق لە رێگایە

عیراق 10:33 PM - 2026/10/25

مەحمود داغر، راوێژكاری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق و وتەبێژی بانكەكە، رایگەیاند،  جموجۆڵەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران هاوكار بوون لە قایلكردنی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا بۆ دەستەبەركردنی بێ كێشەی گەیشتنی دۆلاری كاش بۆ عیراق.

داغر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، زیادبوونی بارەكانی دۆلاری كاش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی سەقامگیری بازاڕی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی داواكاری ناڕەسمی لەسەر دراوەكە، ئاماژەی بەوەش كرد، بڕی یەك باری نێردراو لەمكاتەدا دەگاتە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار.

وتیشی، پێشبینییەكان ئاماژە بە گەیشتنی باری نوێی دۆلاری نەختینە دەكەن كە رەنگە بڕەكەی بگاتە یەك ملیار دۆلار، روونیشی كردەوە، زیادبوونی خستنەڕووی كاشی دراوی بیانی بەشدار دەبێت لە بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عیراقی و پاڵپشتیكردنی سەقامگیری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو