دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی مۆنتانا رایگەیاند، لە دانوستاندنەكانی ئێستادا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، داواكاریی سەرەكیی لێپرسراوانی ئێران ئەوەیە كە ئەمریكا "رێگەیان بدات بژین." ترەمپ جەختی لەوە كردەوە كە ئێرانییەكان "نایانەوێت ئیدی بە دوایاندا بچین و هێرشیان بكەینەسەر."
ئەم قسانەی ترەمپ بۆ پشتیوانیكردنی بەربژێرەكانی پارتی كۆماری بوو پێش هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا. ترەمپ ئەم قسانەی وەك بەڵگەیەك هێنایەوە بۆ ئەوەی بڵێت، جەنگەكە كە لە 28ـی شوبات دەستیپێكردووە خەریكە كۆتایی دێت و ئەگەر شەڕ بوەستێت، نرخی نەوت و بەنزین بۆ خەڵكی ئەمریكا بەخێرایی دادەبەزێت.
ترەمپ لە وتارەكەیدا سوپای ئێرانی بە لاواز وێنا كرد و گوتی: "ئێرانییەكان هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە و سوپاكەشیان تێكشكێندراوە." هەروەها بەڵێنیدا كە جەنگەكە " زۆر بە زوویی كۆتایی دێت... كاتێكیش ئەوە روودەدات، نرخی نەوت بە خێراییەكی زۆر دادەبەزێت."
ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەكان دەستیان پێكردووەتەوە. ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەمریكا پێش هەڵبژاردنەكانی 3ـی تشرینی دووەم هیچ هێرشێكی گەورە ناكات، چونكە گفتوگۆكان بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە.