سی ئێن ئێن: ئەمریكا دەیەوێت دایكی بۆمبەكان دژی ئێران بەكاربهێنێت

عیراق 09:57 AM - 2026/10/15

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، ئیدارەی ئەمریكا تاوتوێی بەكارهێنانی بۆمبی "جی بی یو-43/بی" ناسراو بە دایكی بۆمبەكان دژی ئێران دەكات.
تۆڕەكە بە پشتبەستن بە لێدوانی لێپرسراوانی ئەمریكی روونیكردەوە، سوپای ئەمریكا پلانی هێرشكردنەسەر ژێرخانی وزە و پێگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی ئامادەكردووە. جێبەجێكردنی ئەم پلانە پەیوەستە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان.
لێپرسراوان بە سی ئێن ئێن-یان وتووە، سوپای ئەمریكا بەردەوامە لە پێشكەشكردنی بژاردە سەربازییەكان بە ترەمپ. سەرۆكی ئەمریكاش فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەكان كردووە بژاردەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە بكەن، كە لەنێویاندا لێدانی ژێرخانە گرنگەكانی ئەو وڵاتە هەیە.
هەروەها لێپرسراوێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بە سی ئێن ئێنی راگەیاندوە، واشنتۆن خۆی بۆ سیناریۆی بەرفراوان دژی ئێران ئامادەدەكات و سوپای ئەمریكا بۆ هەر كاردانەوەیەكی تاران ئامادەباشیی تەواوی هەیە. ئەو لێپرسراوە روونیكردەوە، ئەو ئامانجانەی دژی ئێران دیاریكراون، پێویستیان بە بەكارهێنانی "دایكی بۆمبەكان" هەیە. بەكارهێنانی ئەم بۆمبە كە گەورەترین چەكی نائەتۆمییە لە جبەخانەی ئەمریكادا، دۆخەكە دەگەیەنێتە ئاستێكی مەترسیدار. بۆیە ئەو لێپرسراوانە لە وردەكاریی پلانە سەربازییەكان ئاگادارن، گومانی خۆیان لەبارەی كاریگەریی ئەم بۆمبە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی واشنتۆن نەشاردووەتەوە و هێشتا ئەم پرسە بەكراوەیی ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو