ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگ لەسەر كاندیدانی جێگرانی سەرۆك وەزیرانو ئەو نۆ وەزارەتە دەدات كە تاوەكو ئێستا پڕ نەكراونەتەوە و بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن.
رۆژی سێشەممە، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە نووسراوێكدا بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایكردبوو رۆژی پێنجشەممە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە بۆ متمانەدان بە تەواوكاریی كابینەكەی بەڕێوەبچێت، هاوكات مەرجی ئەوەی داناوە كە جێگرانی سەرۆك وەزیران بەبێ مووچە و تەرخانكراوی دارایی ئەركەكانیان رابپەڕێنن.
بەپێی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆك وەزیران، وەزارەتە بەتاڵەكان و ئەو وەزارەتانە دەدرێن كە تائێستا پڕ نەكراونەتەوە.
وەزارەتەكانیش پێكهاتوون لە، پلاندانان، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كار، ناوخۆ، وەرزش و لاوان، خوێندنی باڵا، بەرگری، ڕۆشنبیری و گەشتوگوزارو وەزارەتی كۆچ.
هاوكات ئەو گۆڕانكارییانەی لە وەزارەتەكاندا كراون ئەمانەن، وەزارەتی گەشتوگوزار بە ڕەسمی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری جیادەكرێتەوە. وەزارەتی تەكنەلۆجیای دیجیتاڵی (ژیریی دەستكرد) بە مەبەستی بەدیجیتاڵیكردنی كارەكانی حكومەت زیاد دەكرێت. وەزارەتی دەوڵەت بۆ كاروباری پێكهاتەكان زیاد دەكرێت.